کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کەمپەینی "پارێزەرانی ژیان "

02:57 - 22 خاکەلێوه 2720

هاونیشتمانییانی خۆشەویست خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان هەر وەک هەموومان ئاگادارین زیاتر لە ٤ مانگە لە وڵاتی چینەوە نەخۆشیی کوشندەی کۆرۆنا سەری هەڵداوە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کۆمەڵگای جیهانیی تەنیوە و دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و بە ملیۆنان کەسیش ئێستا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان. لەم پێوەندییەدا لە سەرتاسەری دونیادا کادری پزیشکی و دوکتور و پەرستار و دامەزراوە پزیشکی و خێرخوازییەکان بۆ پێڕاگەیشتن بە تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە و قوتاربوونی تووشبووان و گەڕاندنەوەی باری تەندروستییان بۆ دۆخی ئاسایی، ڕۆڵێکی مێژوویی، کاریگەر و مرۆڤدۆستانەیان لە خۆیان نیشان داوە و هەر لەم ڕێگەیەشدا دەیان کەس گیانیان لە پێناو ئەم خزمەتە بەشەردۆستانەیەدا پێشکەش کردووە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە. لە وڵاتی ئێمەشدا کە ڕێژەی تووشبووان و قوربانیان لە سەرترە و ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیاسەتی هەمیشەییان لە بەرامبەر ئەم ڕووداوە مرۆیی و مەترسیدارەدا کەمترین هەنگاوی ئەرێنییان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە هەڵنەگرتووە و زۆر چەواشەکارانەش لەم پێوەندییەدا خۆیانیان دەرخست. ئەوەی جێی سەرنجە ئاستی وشیاریی کۆمەڵانی خەڵک و دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسیارێتیی دوکتورەکان وپەرستارەکان و سەرجەم کادری دەرمانی و پزیشکی و خەڵکی خۆبەخش بوو کە بە پێڕاگەیشتن بە نەخۆشەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان، بەردەوام لە خزمەتکردن و شەونخوونیدا بوون. کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم ئافەت و پەتایە بێبەش نەبوونە و بە دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان کەسیش لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی و بە گشتی لە قەرەنتینەدان. بە نیشانەی بەرز نرخاندنی خزمەتی دوکتورەکان وپەرستارەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو بوارەدا بە هانای کۆمەڵانی خەڵکەوە ڕۆیشتوون، کۆمەڵێک لە ئۆگرانی خزمەت بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی کەمپەینێکیان لە ژێرناوی "پارێزەرانی ژیان " و بە دروشمی "پێشمەرگانی سپی پۆش، قەت ناکرێن فەرامۆش"بۆ رۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی رۆژهەڵات ڕاگەیاندووە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە سپی پۆشانە لە سەرتاسەری دونیا و بە تایبەت لە ئێران و کوردستاندا، پشتیوانی لە هەڵویستی ئەمەگناسانەی ئەو پۆلە چالاکڤانە سیاسی و مەدەنییە دەردەبڕێ و داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانیش دەکات کە بە پیری ئەم بانگەوازە مرۆڤدۆستانەیەوە بێن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی ٩ی ئاپریلی ٢٠٢٠ی زایینی