کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان

13:58 - 11 جۆزەردان 2720

بەبۆنەی ٣٧ ساڵەی ئێعدامی ٥٩ شۆڕەلاوی کورد لە مەهاباد   خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان! لاوانی خوێنگەرم و تێکۆشەر! دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی، گەلانی مافخواز و قوربانیی دەیان و سەدان ساڵ ستەم و بێمافی لە ئێران کە بە خەبات و قوربانیدانی زۆر بەسەر ڕێژیمی شادا سەر کەوتبوون، هیوایان بە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی خەڵکی و دێموکراتیک بوو. بەڵام ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتووی کۆماری ئیسلامی، لە کوردستان بە سەرکوت و کوشت و کوشتار و تاڵان و بڕۆی خەڵکی کورد دەستی پێکرد. خەڵکی کوردستان دوای خەباتی خوێناوییان لەدژی ڕێژیمی پاشایەتی و بەشدارییان لە ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە، چاوەڕوانی وەدیهاتنی مافە ڕەوا و ئینسانییەکانیان بوون؛ کەچی زۆر زوو لەلایەن دەسەڵاتی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامییەوە هێرش کرایە سەر کوردستان. ڕووداوەکانی نەورۆزی خوێناویی سنه و ئێعدام و کوشتاری بەکۆمەڵی کورد لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، بۆ وێنە لە سەقز و نه‌غه‌ده‌ و زۆر شوێن و گوندی وه‌ک قاڕنی، قه‌ڵاتان، حه‌سه‌ن لۆلان، سۆفیان، قەرەگۆل و ... وێرانکردنی سه‌دان گوندی دیکە و شاڵاوی هێرشی نیزامی بۆ دەست بە سەر داگرتنی کوردستان؛ زۆر زوو ماهییەتی ئەم ڕێژیمەی بۆ خەڵکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەقاو دا. به‌ڵام جینایه‌تێک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ ڕۆژی 12ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1362 دەرهەق بە خەڵکی مه‌هاباد و کوردستان کردی، پەڵەی شەرم و تاوانێکی ئەبەدییە بە تەوێڵی کۆماری ئیسلامییەوە، تاوانێک کە تێپه‌ڕینی کات و ساڵ له‌ بیر خه‌ڵکی کوردستانی ناباتەوە، تاوانی ئێعدامی ٥٩ شۆڕەڵاوی بێتاوان کە بە بڕیاری ڕێژیمی دڕندە و خوێنمژی کۆماری ئیسلامی و بێ هیچ محاکەمە و دادگاییەک گوللەباران کران. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئامادە نەبوو گوێ لە ماف و ویست و داوای خەڵکی کورد بگرێ و لە ڕێگای دانوستانەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاو بنێ، هێرشی بەربڵاوی کردە سەر کوردستان. فیتوای جیهاد لەدژی نەتەوەی کورد درا و شەڕێکی خوێناوی بەسەر کوردستاندا سەپا، شەڕێک بە مەبەستی سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و کپکردنی دەنگی ڕەوا و مافخوازیی خەڵکی کورد کە تا بە ئێستا و بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە شێوە و فۆڕمی جۆراوجۆردا درێژەی بووە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە تایبەتی، بۆ دیفاع لە مان و مەوجوودیەتی خەبات و شوناس‌ویستیی ئەو گەلە چوونە سەنگەری بەرگری و هەتا ئێستاش لەو سەنگەرەدا درێژە بە خەباتی ڕەوا و بەرحەقی خۆیان دەدەن.   خەڵکی خەباتکاری کوردستان! لاوانی شۆڕشگێر و بوێر لە مەیدانی خەباتی مافخوازیدا! ٣٧ ساڵ لەمەوبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاوانی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباددا هەوڵی ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی کوردستان، بەتایبەت لاوانی کورد چاوترسێن بکا، بەڵام بینیمان لاوانی کورد بە بەشداریی هەراویان لە قۆناغی سەختی خەبات و بەرگریی چەکدارانە و تێکۆشانی هەمەلایەنەیان لە هەموو سەنگەر و بەستێنەکان بەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، نیشانیان دا خوێنی بەناحەق‌ڕژاوی ٥٩ شۆڕەڵاوەکەی مەهاباد، ئیلهامی مافخوازی و چرای ڕووناککەرەوەی ڕێی خەبات و تێکۆشانیان بۆ ڕزگارییە. خەڵکی خەباتکار و خۆڕاگری کوردستان دوای ئەم ڕووداوە سامناکە و بەرگەگرتن لەبەرانبەر زۆر کارەسات و نەهامەتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەری هێناون، کۆڵیان نەداوە و سەنگەری خەباتیان چۆڵ نەکردوە و نەک هەنگاوەکانیان پێ شل نەبووە، بەڵکوو لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە تێکۆشانی جۆراوجۆر لەبەرامبەر سیاسەتە داپلۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا وەستاونەتەوە و لە خەبات و تێکۆشانی مافخوازانەیان بەردەوام بوون. مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانان بۆ مەحکوومکردنی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و ئێعدامی ڕۆڵە سیاسییەکانی کورد، کە لە نەفسی خۆیدا ڕێفراندۆمیکی سیاسی بۆ بردنەوە ژێر پرسیاری ڕەواییەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بوو، یەکێک لە دیارترین دیمەنەکانی ئەم خۆڕاگری و خەباتگێڕییە بوو. ئێمە لە بیرهێنانەوەی تاوانی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباددا جارێکی دیکە ئەوە وەبیر خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی دێنینەوە کە کۆماری ئیسلامی له‌دژی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چیها جینایەتی سامناکی کردوە و ئەم جینایەتانەی بە چ شێوەیەک کردوە. لاوانی کورد پاش چەند دەیە لە تێپەڕینی تاوانی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی، ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامییان هەروا لەبەرچاوە و بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن. ڕاستییەکانی وەک ئەوەی کە ڕێژیم ئەوانی لە‌ کوێ به‌ خاک سپاردوە و ته‌رمی ئه‌و ڕۆڵە بەناحەق‌کوژراوانەی چ لێ کردوە. ئەمن دڵنیام لاوانی کورد یادی ئه‌و شه‌هیدانه بەرز ڕادەگرن و بە بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانیان بە کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنن کە ئەستاندنی گیانی لاوه‌کانمان نەک ناتوانێ ئیراده‌یان به‌چۆکدا بێنێ و له‌ ویست‌ و داخوازه‌کانیان پەژیوانیان کاتەوە؛ بەڵکوو ئیلهامدەری ئەوە بووە کە شێلگیرانه‌تر دژی کۆماری ئیسلامی بوەستنەوە.   _ سڵاو بۆ گیانی شه‌هیدانی 12ی جۆزه‌ردانی 1362 _ سڵاو لە ئیرادە و ڕوحی خەباتگێڕیی لاوانی کورد   خالید عەزیزی سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان