کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە هونەرمەندی نەتەوەیی و میللی کورد "فەقێ مینە"

16:17 - 4 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٩ی هەتاوی هونەرمەندی بە توانا و خۆشەویستی گەل "محەممەدئەمین ڕەسووڵی"، ناسراو بە "فەقی مینە" بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. هونەرمەند فەقێ مینە لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و جووتیار لە گوندی "ئاغەلان"، لە ناوچەی سەردەشت لە دایک بووە و سەردەمی مێرمنداڵی و گەنجی خۆی بە کشتوکاڵی و هاوکاری بنەماڵەکەی تێپەڕ کردوە. هەر لەو سەردەمەدا بە هۆی دەنگخۆشی و ئۆگری بە گۆرانی و بەندی کوردی دەبێتە یەکێک لە گەنجە دیارەکانی ناوچە. فەقێ مینە بە هۆی ئەوەی باری ڕۆحی و ڕەوانی خەڵکی ناوچەی لە باری کۆمەڵایەتی‌یەوە ناسیوە، هەوڵی داوە کە بە دانانی بەند و هۆنینەوەی حەیران ببێتە زمان حاڵی خەڵک و بە گۆرانی و حەیران باس لە دەرد و خەم و ئازاری گەلەکەی بکا. لەگەڵ دەست پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حەمەرەزا شای پەهلەوی، فەقێ مینە وەک گەنجێکی دیار بەشداری لە خۆپێشاندان و لە کۆبوونەوەکان دا دەکا و دواتر وەک گەنجێکی بە هەست و نیشتمانپەروەر چەکی پێشمەرگایەتی لە هێزی موعینی ئەو کات لە ناوچەی سەردەشت لە شان دەکا و دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان. فەقێ مینە پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە، لە لایەن خەڵکەوە تەنیا وەک گۆرانیبێژ و حەیرانبێژ دەناسرا، بەڵام دواتر وەک مرۆڤێکی تێکۆشەر و پێشمەرگە لەنێو ئامیزی خەڵکدا پێشوازی لێ‌دەکرا. فەقێ مینە وێڕای ئەرکی پێشمەرگانەی، هاوکات گۆرانیبێژ و حەیرانبێژێکی دەنگخۆشی گەلەکەشمان بوو. لە کاتی پشوو و حەسانەوەی پێشمەرگەدا، فەقێ مینە بە گووتنی گۆرانی و بەند، شایی و ڕەشبەڵەکی لە سەر گوێسوانەی ماڵان و بەردەم بنکە و بارەگاکانی هێزی بە هێزی موعینی دروست دەکرد و لە کاتی بەفر و سەرما و باراندا بە حەیران و گۆرانی لە ژووری مەقەڕ و لە ماڵەکاندا دڵی هەموو لایەکی خۆش دەکرد، لە وەرزە جیاجیاکانی کوردستاندا و لە ڕۆژە مێژووییەکانی حیزبدا و لە جێژن و کۆڕ و کۆبوونەوە و مەڕاسیمەکاندا دەبوو بە گوڵی نێو مەجلیس و بە گشتی بەشێکی بەرچاو لە کۆڕەکەی دەکردە کۆڕی بەزم و شایی. فەقێ مینە مرۆڤێکی خاکی و سادە و خەمخۆری گەل و نیشتمان بوو، خەڵکی خۆشدەویست و خەڵکیش ئەویان خۆشدەویست، ڕێزێکی زۆری لە خەڵک دەگرت و لە هەموو شوێنێک بە هۆی ناسیاوی و کەسایەتیی تایبەت بە خۆی لە لایەن خەڵکەوە میوانداری و پێشوازی لێ‌دەکرا و ئەویش بە حەق لە خەم و شادی خەڵکدا بە دڵەوە بەشداری دەکرد. فەقێ مینە دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی و بەهۆی بوونی بنەماڵەیەکی دەستکورت و هەژار  بە ناچار لە سەر ئیزنی کۆمیتە شارستانی سەردەشت گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی. فەقێ مینە گەڕایەوە نیوخۆی وڵات، بەڵام هەموو کات دڵی هەر لە نێو پێشمەرگە و بنکە و بارەگاکانی حیزبدا بوو. ناوبراو لە نێوخۆ دەستی بە کاری هونەری کردەوە و تا کاتی ماڵئاوایی بە سەدان گۆرانی و بەندی فۆلکلۆری کۆن و بەندی نوێی تۆمار کردوون. گەلەکەمان شاهیدی بۆ ئەوە دەدا کە فەقێ مینە وێڕای ئەوەی کە دەسکورت بوو، بەڵام هیچ کات ملی بە زۆرەملی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی نەدا و بەردەوام بە چرینی حەیران و گووتنی بەند و گۆڕانی دەرد و ئازاری گەلەکەی باس دەکرد و لە خەم و شادی و ناخۆشی‌یەکانی خەڵکدا بەشداری دەکرد. ئەگەر سەفەرێک بە نێو دەریای گۆرانی و حەیرانەکانی کاک فەقێ مینەدا بکەین، زۆر زوو بۆمان دەردەکەوێ کە ناوبراو ڕێچکەیەکی هونەری تایبەت بە خۆی هەبوو، حەیرانەکانی تایبەت بوون بە حەیرانی ناوچەی موکریان و بە ئەدەبیاتێکی خۆماڵیانەی پڕ لە وشەی هەست بزوێن و ئاشقانە و شۆڕشگێڕنە حەیرانەکانی تۆمار دەکردن، بەشی زۆری حەیرانەکانیش هۆنینەوەی دەستی خۆی بوون. شارەزایی بە سەر حەیران دا تەنیا گوتن و دەنگ هەڵبرین نەبوو، بەڵکوو ناوبراو شارەزایەکی زۆری لە سەر گوند بە گوند و شاخ بە شاخی ناوچەکەدا هەبوو و جوغرافیای ناوچەی موکریان و هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستانی دەناسی، هەر بۆیە لە حەیرانەکانی دا وێڕای لاواندنەوەی نازدار حەیران و کوڕە حەیران، هاوکات باسی لە جوانی و سروشتی کوردستان دەکرد و سەفەرێکی خۆش و ڕەنگینی بە دۆڵ و بنار و بەرزایی و پێدەشتەکانی ناوچەدا پێ‌دەکردی. حەیرانەکانی پێکهاتبوو لە گەرم کردنی دڵی دڵداران و بەسەرهاتی خەمهێنەری لێک‌دابرانی کوڕ و کچانی بە موراد نەگەیشتوو و لاواندنەوەی شەهیدەکان و سەربردەی شۆڕەسوارانی کورد و چووکەڵەسواری هەڵەنگوتووی مەیدانی ڕمبازێنی نێو داستانە حەماسەییەکان. بەند و گۆرانی و پێهەڵگوتنەکانی تایبەت بە خۆی بوون. لە هیچ کۆڕێکی زیندوویی هونەریدا سەری بە سەر کاغەز و لاپەڕەی نووسراوە دانەگرت، هونەرمەندێکی دەرەوەست و بێ منەت بوو، لە دەربڕینی وشە و هەست و سۆزی دڵدارانەدا ترسی لە کەسانی دیکە نەبوو هەر بۆیە وێڕای پێ‌هەڵگووتن بە جوانی ژن، لە ئاست کەزیە و سینگ و مەمی ژندا گەلێک بەندی جوانی گوتوون، لە ئاست ژنانی بە زۆر بە شوودراو و ژن بە ژنەدا، کیژی ڕوو سووری کوردی بە جوانکیلە و نازەنین و نازدار شوباندوە و لە هەمان کاتدا ئەوانەی کە زەختیان لە کچ و ژنانی نابەدڵ بۆ شووکردن کردوە بە گولەکی دەمێردان و بۆرەپیاو و ناحەز و دژوێن ناو بردوون. ئەگەر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باسکردن لە سینگ و مەم، بەرۆک و بەلەکی ژن، کەزیە و پرچی ژن، چاو و لێو ، کۆڵمە و گەردنی ژن بڤە و لۆمەیە، بەڵام لە گۆرانییەکانی فەقێ مینەدا وێرای ڕازاندنەوەیان و باسکردنیان بۆتە هۆی دڵخۆشی ئەوینداران و لەو سۆنگەیەوە فەقێ و مەلا، حاجی و شێخ، کوڕ و کچ ، ژن و پیاو، بە گشتی کۆمەڵگەی کوردەواری پێی هەڵدەپەڕن و بەند و گۆرانییەکانی سینگ بە سینگ لە خۆشی و شادییەکاندا دەگوترێنەوە و تەنانەت لە لایەن مرۆڤە دەستڕەنگینەکان لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی بە پێی پێهڵگوتنەکان وێنەی شیاوی گۆرانییەکان لە جوانی و ناحەزی دا مونتاژ کراون. فەقێ مینە ساحەبی چەندین حەیرانی بەناوبانگ و پڕ مانایە، یەکێک لە حەیرانەکانی تایبەت بە شەڕی حەماسەیی و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات لە گوندی "ناوە" ی ناوچەی بانەیە و لەودا وێڕای دەربڕینی هەست و سۆز، بە دەنگێکی بلاوێن، باس لە شەهیدی گەورەیی گەلەکەمان شەهید سەرگورد عەلیار دەکا و بەم شێوەیە شینگێڕی بۆ شەهیدانی ئەو شەڕە قورسە دەکا و بە حەیرانەکەی دەچێتە نێو ناخی کۆمەڵگەی کوردەواری و هەستی خەڵک بۆ لای هێزی پێشمەرگە و شەهیدەکان ڕادەکێشێ. بەداخەوە بە هۆی ئەوە کە فەقێ مینە لە بواری دارایی دا دەستکورت بووە، نەیتوانیوە کە بەرهەمەکانی کۆبکاتەوە، بە سەدان گۆرانی و بە دەیان حەیرانی زارەکی و بە بێ موزیک بڵاو بوونەوە و هەندێکیان بە تەپڵ و نایە و تۆزەلە و لەم دوایانەش دا بە ئامێری ئۆرگ و ئامێری کارەبایی تۆمار کراون، هیچ شوێنێکی تایبەت نەبووە کە گۆرانی‌یەکانی لێ تۆمار بکا و دواتر بە بڕە پارەیەک لێی بکرێ و یا یارمەتیدەری بن بۆ ئەوەی بتوانی بە ئامێری سەردەم لە ستودیۆیێکی بەناوبانگ کارە هونەری‌یەکانی بە خاوێنی تۆمار بکات، هیچ لایەن و ئەنجوومەن و شوێنێکی تایبەت هاوکاری نەکردووە و یا سپۆنسەری نەکردووە. ناوبراو بۆ بژیوی ژیانی خۆی گەرمێن و کوێستان و وەڵاغداری و توتنەوانی و کاری قورسی دیکەی کردوون و لە پەنا کار و کاسبی خۆیدا لە زەماوەند و لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی دیکە دا لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی چۆتە نێو دونیای گۆرانی و بەندی کوردی و بە پووڵێکی زۆر کەم مەجلیس و زەماوەند و بۆنەکانی دیکەی بۆ خەڵکی ناوچە بەڕێوە بردووە و دڵی خەڵک و بەشدارانی خۆش کردوە. ئەگەرچی گۆرانی‌یەکانی یەکجار زۆرن بەڵام دەکرێ لە نێو ئەواندا ئاماژە بەو گۆرانیانە بکەی کە لایەنگرانی لە سەر یوتوب و ئینترنێت بڵاویان کردوونەوە. تاوانم دەبێ چی بێ لەیلم هۆ، کچەکانی دەم چۆمی، تووتنەوان، خوا لێت قەبووڵ ناکا، چوومە عەجەمستانی، زاڵم زاڵم، کورەخانە، بۆ کێت خۆ لە گوڵێ داوە و کەسم نەدیوە وەک تۆ و چەندین بەند و گۆرانی و حەیرانی جۆراوجۆر کە لە سەر کاسێت و لە ماڵان زەبت و بڵاو بوونەوە. << ئه‌رێ ده‌ڵێم جوانێ له‌ ماڵان دووری ناتگه‌مێ خوشكی دوو برایان، چاوت به‌ من بمێنن به‌وان ئه‌ستێران، ئه‌مما ئه‌گه‌ر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ له‌ بن په‌ری ئاسمانێ، ڕه‌بی بسكت به‌ من بمێنن به‌وێ مه‌ندۆكێ ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌هاران دێته‌وه‌ ده‌رێ له‌ بن ڕندووه‌ به‌فری ده‌ كوێستانێ، ئه‌من بریا با قه‌رز ئه‌ستێنێكی ماچان بام له‌ بێور و بێوران له‌ زیندوێ قه‌ڵه‌ڕه‌شێ له‌ سه‌ركه‌نه‌ ده‌فرۆشی ده‌ گه‌وه‌لان ئه‌رێ هه‌ی بابه‌ له‌ پێچی كانیه‌ڕه‌شێ، نه‌وه‌ڵڵا له‌ نێو شاری سه‌رده‌شتێ به‌ڵام هه‌موو ئێواران و سپحه‌ینان بۆ سێبووری دڵی خۆ چوو بایه‌مه‌ زار ده‌ركی دژبانی ئی كه‌پرانێ. >> << ئەوجا براینە برادەرینە! ئەمن دەڵێم: بریا گوڵێک بام لە گووڵی دە کەسنەناسی هەڵستابام لە نەویان ،لە کەویان، نە بە خوای لە قووچەکی بڵباسی ئەوجا دەمگووت: بریا شەتڵە ڕیحانێک بام لە سەر هەیوانێ ماڵێ بابی نازدار حەیرانێم هەموو ئێوارە و سبحەینانی ئاوی ئیستکانانی دەبن کردبام سەری هەڵپساندبام بی دابامەوە لە تەنکەی دە ڕوومەتێ، لە نێوانی سینگ و مەمکان نە بە خوای ئامان لە بەروێ کەراسی>> فەقێ مینە تا کۆتایی تەمەن و لە زۆربەی مەجلیس و کۆڕ و کۆبوونەوەی خۆشی و شادی خەڵکدا وەک مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی دەرکەوت و لە دانیشتنەکانی دا بە شانازییەوە باسی لەو سەردەمانە دەکرد کە چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان کردوە و زۆرجار لەنێو خزم و دۆست و ئاشنایانی بە تاسەوە باسی دەورانی گەنجی و پێشمەرگایەتی دەکرد و تا سەریش وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە. بێ‌شک خزمەتەکانی چ لە بواری نیشتمانپەروەری و پێشمەرگایەتییەوە و چ لە بواری کاری هونەریدا هەردەم بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بە گشتی گۆرانی و بەند و حەیرانەکانی بۆ هەتا هەتایە و سینگ بە سینگ دەگوترێنەوە. لەگەڵ بەداخ بوون سەبارەت بە کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە، بەو هیوایە لایەنگران و ئەویندارانی دەنگی کاک فەقێ مینە و دڵسۆزان بتوانن هەموو گۆرانی‌ و حەیرانەکانی کۆبکەنەوە و بەم چەشنە ڕێز لە خزمەتە هونەرییەکانی بگرن و خوازیارانی هونەری میللی کەڵک لە بەند و گۆرانی و شێعر و دەنگی وەر بگرن.