کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەتای خۆتان بوو درۆم کرد

00:47 - 17 رێبەندان 2720

ڕووحوڵڵا دەڵێ خەتای خۆتان بوو چل ساڵ لەمەوبەر درۆم کرد   خەونم دیت خەون! زۆر جار بیستبووم خەڵک خەون دەبنین و خۆشم هێندێک جار خەونم دیوە. خەونی خۆش و ناخۆشیشم دیتووە. مۆتەکە هاتووەتە خەوم و قاچەکانم لەنێو قوڕێکی تونددا گیر بوون و خومەینی تەورداس بەدەست ڕێم کەوتووە. نزیک بووەتەوە و هەستم کردووە ویستوویەتی بمخوا. هەندێک جاریش خەونی خۆشم دیتووە. بەڵام هەر خەونە ناخۆشەکانم باش لەبیر ماون. خەون لە زەینم‌دا پچڕ پچڕ بووە و جاری وابووە هەر بۆ بەیانییەکەی یان دوای خەوەکە بۆ هەمیشە لەبیرم چوونەتەوە. بەڵام ئەو خەونە ناخۆشەی نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر دیتوومە ئێستاش لەبیرم ناچێتەوە و ڕۆژانە بە زەقە‌زەقی چاوان لێم دەبێتەوە مۆتەکەی ڕاستەقینە و بەگژم‌دا دێتەوە. زۆر شەوان لەترسی هاتنەوەی خەوم دەزڕێ. داروبەرد کڕ بێت، وەک فارسان دەڵێن "دیوار مووش دارەد و مووشە حیزەش گووش دارەد" (ببوورن چوونکە فارسییەکەم کەمولکێک خاو بووەتەوە هەر بە ڕێنووسی کوردی نووسیم) خەونێکی خۆشم دیتووە و پێموابێ بەم زووانە لەبیریشم ناچێتەوە. ئەوندە خەونی ناخۆش و مەترسیدار و مۆتەکاویم دیتووە، پێـم‌خۆشە سواری پشتی وانێت‌بارێک بم و بڵیندگۆیەکی گەورە بە دەممەوە بگرم و ئەم خەونە خۆشە بۆ دانیشتووانی هەموو کووچە و کۆڵان و گەڕەک و کەلێن و قوژبنێکی ئەم شار و گوندانە بگێڕمەوە. پێم‌خۆشە خەڵک چۆن گوێ بۆ چەرچی و دێ‌وەرە و دەستفرۆشان شل دەکەن، ئەوا گوێم بۆ شل بکەن و دوای ماوەیەکی کورت هەموو کەس خەونەکەمیان لەبەر بێت. ئێستا بە مەرجێک خەونەکە بۆ تۆی خوینەر دەگێڕمەوە، بۆ کەسی نەگێڕییەوە و ئەگەر خەڵکت لا بێت، کاتی خوێندنەوەی دەنگ هەڵنەهێنی و ئەوانەی دەوروبەرت نەزانن خەریکی خەونێکی خۆش دەخوێنییەوە. دەبێ بەڵێنیم پێ بدەی هەتا ئەو کاتەی هەموو کەسانی دەوروبەرت سەریان بەسەر موبایلەکانیان‌دا شۆڕ کردووەتەوە و خەریکی سناپ چات و شەڕە مەسێج و ئینستاگرام و شتی وان، نابێ بە بێدەنگیش ئەم خەونە بخوێنیەوە. ئێستا وا باوە هەر خەونی قورس و ناخۆش و ترسێنەر بە دەنگی بەرز بخوێننەوە. ئەگەر کچ بی و خەونت بە کوڕێکی جوانەوە دیتبێ، یان کوڕ بی و خەونی خۆشت بە کیژۆڵەیەکەوە دیتبێ و بۆ خەڵکی بگێڕیەوە ئەوەندە حەیایەی هەتە بەبای‌دا دەکەن. چونکە لە گێڕانەوەی خەونە خۆشەکە دەترسم، پێم‌خۆشە جارێ هەر وردە خەونان بگێڕمەوە. ڕاستە حەزم لێیە هەموو خەڵک ئەم خەونەم ببیستن، بەڵام مۆتەکەکە زیاتر لە چل ساڵە چاوترسێنم دەکا. ڕێک سێ ڕۆژ بەر لە دەچوونی ئەم ڕۆژنامەیە ئەم خەونە خۆشەم دیتووە. لەو خەونەم‌دا ١٢ی ڕێبەندان بوو. لەنێو پۆلە دارستانێکی بۆگەن دانیشتبووم. لەناکاو لە سیلەی دارستانەوە پیاوێکی نێوچاوان پاکی جوان و لێو بەپێکەنینم لێ پەیدا بوو. ددانەکانی دەتگوت مروارین. بە سەرسوڕماوی سەیرم کرد. پێکەنی. گوتی ئەوە نامناسیەوە؟ من هەر بێدەنگ چاوم لێ دەکرد. هەرچەند بیرم لێ دەکردەوە پێم‌شک نەدەهات لە هیچ شوێنێک دیتبێتم. کەمێک چاوی لێ کردم و گوتی، هەر بەڕاست نامناسییەوە؟ گوتم ئەوەندەی میشکم ڕێک‌دەگوشم نایەتەوە بیرم تۆم دیتبێ. نەرمە بزەیەکی هاتێ و برۆی لێ هەڵتەکاندم و بە برۆهەڵتەکاندنەکەی گنجی نێوچەوانی دەرکەوت و مچوڕكێکی ناخۆش بە لەشم‌دا هات. پێش ئەوەی بڵێم ڕەنگە چل ساڵێک لەمەوبەر ئەم نێوچەوانەم دیتبێ، هەودای خەیاڵمی پچڕی و گوتی، هەر بەڕاست نامناسییەوە؟ من ڕوحوڵڵام. مێشکی خۆت زۆر ڕێک‌ مەگوشە، ئەوە سی‌ ساڵە لێرە ڕۆیشتووم. لەو ماوەیەدا هەر خەریکی ڕیش و سمێڵم بووم و ڕۆژانە دووجار دەمتاشین. دەچوومە لای پزیشکانی جوانکاری و خەریکی دەم و لووتم دەبووم و دەمەویست ئەگەر هاتمەوە نەمناسنەوە. ئەوکات ئەوەندە درۆم کردبوو، ئێستا حەزم لێیە ڕاستییەکان بڵێم. لەم خەونەدا ڕووحوڵڵا دەیگوت: ئەوکات گوتم ئاو و کارەبا و سواربوونی پاس بۆ خەڵک دەکەمە بەلاش و بێ‌پارە و تەنانەت پارەی فرۆشتنی نەوتیشتان بەسەردا دابەش دەکەم. پاش سی ساڵ بیرم لەوە کردووەتەوە درۆکەی چل ساڵ لەمەوبەر ڕاست بکەمەوە. لەو خەونەدا وەخت‌بوو خەنی بم. لە بەر ڕووحوڵڵا پاڕامەوە زوو ڕاستییەکانم پێ بڵێ. دیسان نێوچەوانی تێک‌نا و بەسەر من‌دا گوڕاندی و گوتی: میراتگرانی من دەڕۆن. ئەوەندە نەوتەی خولە‌ی ئەحمەدی نژاد هێنایە سەر سفرەی ئێوە و ماڵ و ژیانی لێ نەوتاوی کردن ئەویش نامێنێ. سواربوونی ئوتوبووس چەند ئەوەندەی ئێستا گران دەبێ و ئاو و کارەباتان دەبڕێ. ڕووحوڵڵا گوتی: خۆ چل و دوو ساڵ لەمەوبەریش هەموو ئەمانەم دەزانی، بەڵام ئەگەر ئەوکات گوتبام دەتانگوت درۆزنە. ئێستا سەرم لەوەیان سووڕماوە بۆچی ئەم خەونەم پێ ‌خۆشە.