کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی نێوخۆ دەستێوەردان لە کاروباری زانکۆکانی ئێراندا دەکات

12:46 - 15 بانەمەڕ 2724

بەرپرسێکی سەندیکای خوێندنی باڵا لە ئێران دەڵێت دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە زانکۆ زیادی کردووە و ئەوە وەزارەتی نێوخۆیە کە فەرمان بە زانکۆ دەدات.

کارن ئەبری نیا، بەرپرسی یەکیەتیی مامۆستایانی زانکۆ ڕایگەیاند، ئەو سنووردانەکان و ئەو پرسە ئەمنییانەی کە بەسەر زانکۆکاندا زاڵ کراون، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ و شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمەوە جێبەجێ دەکرێن و لەم دۆخەدا دەکرێ بڵێین وەزارەتی زانست هیچ ڕۆڵێکی نییە.

ئەم بەرپرسە سەبارەت بە سنووردارکردن و قەدەغەکردنەکان باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ١٤٠٢دا بە هۆی ئەم سنووردارکردنانەوە ٢٠٠ مامۆستای زانکۆی گرتوووەتەوە و نزیکەی ٢٥ مامۆستاش دەرکراون.

بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕاوێژکاری یاسایی "دادبان" لە ٢٠ ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا،  زیاتر لە ٦٦ مامۆستای زانکۆ لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، یا ڕاگیراون یان ناچار کراون دەست لەکار بکێشنەوە.

گوشارەکان و دەستێوەردانەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زانکۆکان و هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانی ناڕازی، لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ و دوای ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە دژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی توندتر بووە.