کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی کرێکاریی کورد سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

15:19 - 15 جۆزەردان 2721

چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی کامیاران لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حەیدەر قوربانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی گوندی بزوەشی کامیاران لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبە حکوومەت بە مەبەستی تێکدانی تەناهی وڵات و پڕوپاگەندە دژی حکوومەت سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی ئەلەکتروونی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بانگ کراوە. حەیدەر قوربانی چالاکی کرێکاری و ئەندامی یەکیەتی ئازادی کرێکارانی ئێران ڕۆژی یەک شەممە ١٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٢٣ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی و هەتا تەواو بوونی دانیشتنی دادگا لە بەندیخانەی ئازاد کرا.