کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی مامۆستایەکی بەناوبانگی زانکۆ لە شاری سنە

16:44 - 15 جۆزەردان 2721

دوکتور مەحموود ئیبراهیمی، کەسایەتیی ئاکادێمی کوردی خەڵکی مەهاباد کە لە شاری سنە دەژیا، ڕۆژی هەینی چواردەی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد. دوکتور مەحموود ئیبراهیمی کوڕی حاجی ساڵح، ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی لە گوندی خەلیفان سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە. ناوبراو ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی بۆ خوێندن و فێربوون ڕووی لە حوجرە کردووە و ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە خزمەت مامۆستا عەبدوڵا حەسەن‌زادە وانەی ئایینی خوێندووە و پاش خوێندنی ئایینی ڕووی لە خوێندنی ئاکادێمیک کردووە و لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە زانکۆی تاران بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبیاتی عەربیدا وەرگرتووە و لە شاری بیجار دەبێتە مامۆستا. ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی بۆ خوێندنی ماستەر و دوکتورا ڕوو لە زانکۆی تاران دەکاتەوە و ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی وەک مامۆستا لە زانکۆی سنە دادەمەزرێت و پاش ٣٥ ساڵ وانەوتنەوە لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی خانەنشین بووە. شایانی باسە کە خوالێخۆشبوو دوکتور ئیبراهیمی، زیاتر لە ٢٠ کتێب و وەرگێڕانی لە بوارەکانی ئەدەبی و ئایینیدا لە خۆی بەجێهێشتووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی‌دوایی دوکتور مەحموود ئیبراهیمی سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و هاوکار، هاوڕێ و ناسیاوانی لە شارەکانی مەهاباد، بیجار، تاران و سنە دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.