کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خنکانی ٣ لاوی کورد بەهۆی نەزانینی مەلە و نەبوونی تیمی فریاکەوتن

22:08 - 15 جۆزەردان 2721

لەگەڵ گەرمتربوونی هەوا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خنکانی لاوان و مێرمندالان لە ئاودا ڕووی لە زیادبوون کردووە. کەم ڕۆژ و حەوتوو هەیە هەواڵێک لە خنکانی لاوان و مێرمنداڵان کە بۆ مەلە ڕوو دەکەنە سەر چۆم و بەنداوەکان، بڵاو نەبێتەوە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو ١٤ی جۆزەردان، لە بەنداوی سێلڤانای ناوچەی ورمێ ٣ لاوی کورد خەلکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و شنۆ لە ٣ ڕووداوی جیا جیادا، بەهۆی نەزانینی مەلە و نەبوونی تیمی فریاکەوتن گیانیان لە دەستدا. یەک لەو لاوانە فەخرەدین ئازیس کوڕی وەستا یاسین ئازیس، لاوێکی دڵسۆز و بەهەست لە بنەماڵەیەکی گەلدۆست و نیشتمانپەروەری شاری شنۆ بوو. مەرگی ئەو لاوانە بووە هۆی خەم و ماتەمی ئامادەبووانی شوێنی ڕووداوەکە و خەڵکی ناوچە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو لاوە جوانەمەرگانە دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ. هەر لەو کاتەدا داواکارین خەڵک لە کەمتەرخەمیی ناوەند و دەزگا پێوەندیدارەکان لە فریاکەوتنی لێقەوماوان، بێدەنگ نەبن. دام و دەزگا پێوەندیدارەکان لە سەریانە، تیمی فریاکەوتن بۆ شوێنە گشتییەکان بە تایبەتی ئەو بەنداو و ئەو ئاوانەی خەڵک بۆ مەلە ڕوویان تێدەکا، دابین بکەن.