کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەورۆزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٠٥ چالاکی مەدەنیی کورد گیراون

22:17 - 15 جۆزەردان 2721

لە ماوەی دوو مانگ و نیوی سەرەتای ئەمساڵدا ١٠٥ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. "چاو نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە دوای لێپێچینەوەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگایی‌کرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٢٥ کەس لەوان سزای لە سێ مانگ هەتا ٤٠ ساڵ (سەرجەم ٢٧٢٨ مانگ، واتە ٢٢٧ ساڵ و ٤ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها سێ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان و بۆکان بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و ئەشکەنجە گیانیان لێ ئەستێندراوە. دەسبەسەرکردنی لانی‌کەم ١٠٥ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لە ماوەی دوو مانگ و نیوی سەرەتای ئەمساڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)شدا هەرنەبێ ٦٤٠ چالاکی مەدەنی بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی گیرابوون و لانیکەم ١٨٩ کەس لەون دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها لەو بەندکراوانە سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.