کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی کورد لە کەرەج، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرانی ڕێژیمی ئێران

14:50 - 16 جۆزەردان 2721

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان لە شاری کەرەج بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەستدا و دوای ڕادەست کردنەوەی تەرمەکەشی یەکێک لە براکانی بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست دا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کەرەج، لاوێکی خەڵکی کرماشانیان بە ناوی "کوورش حەیدەری"بەگومانی هەڵگرتنی مادەی سڕکەر و بەبێ‌ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێش‌وەختە داویانەتە بەر دەسڕێژی گولـلە و کوشتوویانە. جێی ئاماژەیە کە، دوای ئەوەیکە تەرمی کوورش حەیدەری ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە، برایەکی گەورەتری کوورش بە ناوی "سام حەیدەری" جەڵتەی دڵ لێی داوە و لەئاکامدا گیانی لە دەست داوە. هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی کە تەقەیان لە ناوبراو کردووە و کوشتوویانە چوونەتە سەر تەرمەکەی و پشکنینیان بۆ کردووە هیچ مادەیەکی سڕکەری پێنەبووە.