کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ڕووداوەکەی چیای مەتین

15:49 - 16 جۆزەردان 2721

حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان! هاونیشتمانییە بەڕێزەکان! ڕووداوەکەی سەر ڕێگای چیای مەتین له‌ قه‌زای ئامێدیی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك کە لەدەستدانی ٥ پێشمەرگە و برینداربوونی چەند پێشمەرگەی دیکەی لێ کەوتەوە، هەموو خەڵکی کوردستانی نیگەران کردووە. ئەم ڕووداوە کە لە بارودۆخی هەرە ناسک و هەستیاری ناوچەدا خوڵقاوە، چارەسەرکردنی پێویستیی بە ئارامی، ددان بەجەرگداگرتن و لەخۆبوردوویی هەیە و دەخوازێ هەموو لایەنەکان بە هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی و مێژووییەوە بەرەوڕووی ببنەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە چارەسەر و یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاکەبژاردەی هەر دەبێ وتووێژ و لێک‌تێگەیشتن بێت، غەیری ئەوە زیان و خەسارەکانی بەرۆکی هەر هەموو بزووتنەوەی کورد دەگرێ. هاوکات حیزبی دێموکرات پێی‌وایە پاراستنی سەروەری و دەسکەوت و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسایەتییەکە، کە لەسەر شانی حیزب و هێزە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە. بۆیە لەو بارودۆخەدا کە هێشتا پرسی کورد لە هیچ‌کام لە بەشەکانی کوردستان بە ئاکام نەگەیشتووە و لە باشووری کوردستانیش ئەو ئاکامە دڵخواز و جێی دڵنیاییەی وەرنەگرتووە، چارەسەری ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد بە هەر ڕێگەیەکی دی جیا لە وتووێژ، زیان و خەسارەکانی بەرەوڕووی تەواوەتیی پرسی کورد لە ناوچە دەبێتەوە.

سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان ٦/٦/٢٠٢١