کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی گوماناویی بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە

15:48 - 16 جۆزەردان 2721

بەندکراوێکی سیاسی پێشووی خەڵکی شاری سنە بە ناوی "عیرفان ساعێدپەنا" چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی زاگرۆسی ئەو شارە، بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەستداوە. بەپێی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، عیرفان ساعێدپەنا، دوای ئەوەی کە دوو ڕۆژ دەبوو کە لە ماڵی خۆیان چوبووە دەرەوە و چارەنووسی نادیار بوو، دواتر بەشێوەیەکی گوماناوانی گیانی لەدەست دەدا و تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە. هێندێک لە شایەتحاڵانی ناوچەکە گیان لەدەستدانی عیرفان ساعێدپەنا بە تێرۆرێکی سیاسی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەزانن و دەڵێن کۆماری ئیسلامی دەستی لە کوشتنی ناوبراودا هەیە لەبەر ئەوەی کە کاتێک تەرمی ناوبراویان بینیوە، شوێنی لێدان و ئەشکەنجە بە ڕوخسارییەوە دیار بووە. عێرفان ساعێدپەنا، تەمەن ٣٥ساڵ و لیسانسی مافناسی و ماستەری زانستی سیاسی لە زانکۆی تارانی هەبووە و دەیان ساڵ خزمەتی بە زمان و فەرهەنگی کوردی کردووە و لەو بوارەدا چەندین کەسی پەروەردە و فێری زمانی کوردی کردووە و بەرپرسی ئەنجومەنی "مەولەوی"ـی و دامەزراوەی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنە بووە. هەروەها دوو کتێبی چاپکراویشی بەناوەکانی "ڕێنووسی لاتینی زمانی کوردی و ڕێزمانی زمانی کوردی" هەیە کە خراوەتە بەردەستی خوێنەران و هۆگرانی زمانی کوردی.