کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی ڕێفڕاندۆمی "نا بە کۆماری ئیسلامی" لە ئێران و کوردستان

15:01 - 31 جۆزەردان 2721

سەرەڕای بانگەشە و هەوڵی یەکجار زۆری ڕێژیم و تاقیکردنەوەی هەموو فێل و تەڵەکە و سیاسەتە چەواشەکارییەکانی، خەڵکی ئێران "نا"یەکی گەورەیان بە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە نووساند. بە پێی ئەو داتا و ئامارانەی کە خودی ڕێژیمیش بڵاویکردۆتەوە و هیچ ڕاستییەکیشی تێدا بەدی ناکرێ و سەرەڕای هەموو چەواشەکاری دروستکردنی ئاماری ساختەی پەلەپەڵی بەرپرسانی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتیی کۆماری ئیسلامییان سووک و ڕیسوا کرد. ئامارەکان بە لە بەرچاوگرتنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکاندا، بە بەسیج و سپا و ئەرتەش و هێزی ئینتیزامیی و بەکرێگیراوانییەوە و هەروەها ئەو کەسگەلەی کە لە ترسی دەرکردن لەسەر کارەکانیان یان بە هەر شێوەیەک لە بواری داراییەوە بەستراونەتەوە بە ڕێژیمەوە، هەروەها ئەو دەنگانەی کە بۆ کەس نەبوون و وەکوو دەنگی سپی ئەژمار دەکرێن کە لە ئاستی ئێراندا پلەی دووهەمی دەنگەکانی هێناوە و بە چەندین شێوەی دیکەی چەواشەکاریی، تەنیا بەشێکی زۆر کەمی خەڵکی ئێران بەشدارییان لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا کردووە. لە لایەکی دیکەوە هاوکاتبوونی هەڵبژاردنی شۆرای شارەکان و سەرۆک کۆماریی کە فێڵێکی دیکەی ڕێژیم و لەوانەش کاریگەرترینیان بوو بۆ کێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان یەکێکی دیکە لەو هۆکارگەلەیە کە دەیسەلمێنێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرچاوی خەڵک کەوتووە و بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆتایی پێهاتووە و تەنیا شتێکە هێشتوویەتییەوە کە ئەویش دەتوانێ کاتیی بێ، هێزی سەرکوت و چەکە. لە ئاستی ئێراندا شاری تاران وەکوو گرینگترین شار و ناوەندی سیاسیی ئێران کەمترین ڕیژەی بەشداریی چ لە ئاستی شار وەک پێتەختی ٢٠ میلیۆن کەسیی و چ لە ئاستی پارێزگادا کەمترین ڕێژەی بەشداریی هەبووە و ئەمەش گرینگترین پەیامە بۆ ڕێژیم کە لەنێو دڵی ئێرانەوە دژایەتییەکی قورسی لەسەرە و بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە کەمتر لە سەتا ١٤ ی خەڵکی تاران بەشداریی شانۆی هەڵبژاردنیان کردووە. لە کوردستانیشەوە، بە سەرنجدان بە ئامارەکان لە پارێزگای ورمێدا شارەکانی بۆکان، مەهاباد، شنۆ و پیرانشار لە ئاستی ئەو پارێزگایەدا کەمترین ڕێژەی بەشداربوونیان تێدا تۆمار کراوە و لە ئاستی پارێزگاشدا و سەرەڕای کۆمەڵگەیەکی دوو بەرەی کورد و تورک لە هەندێ لە شارەکاندا ڕێژەی بەشداریی کەمتر لە سەتا ٥٠ بووە. هەر تەنانەت بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمیش، پارێزگای سنە چ لە ئاستی پارێزگادا و چ لە ئاستی شارە گەورەکانی وەکوو سنە و سەقزدا کەمترین ڕێژەی بەشداربوونیان لە ئاستی ئێراندا تۆمار کردووە، لوڕستان وکرماشانیش کەمتر لە سەتا ٥٠ی خەڵک بەشدارییان کردووە. هەموو ئەم داتا و ئامارانە ڕەنگدانەوەی دژایەتیی و مەودای نێوان خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.