کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵەی بەندکراو لە بەندیخانەی سنە لێوەکانی خۆی دوورییەوە

15:12 - 31 جۆزەردان 2721

مێر منداڵێکی بەندکراو بە مەبەستی ناڕەزایەتیی‌دەربڕین بەرانبەر بە دیار نەبوونی چارەنووسی ، بە دوورینەوی لێوەکانی، مانی لە خواردن گرتووە. بە پێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان بە ناوی "ئارمان فەرەهمەند" کە ماوەی ٢٠ ڕۆژە تەمەنی گەیشتووەتە 17 ساڵ، لە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە، بە دوورینەوەی لێوەکانی، مانگرتن لە خواردنی دەست پێکردووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فەرەهمەند، ناوبراو بە هۆی بەدوادانەچوونی پەروەندەکەی لە لایەن لقی دووهەمی لێپێچینەوەی مەریوانەوە مانی لە خواردن گرتووە و لێوەکانی خۆی دووریوەتەوە. ئارمان فەرەهمەند، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی لە پاش شەڕێکی بە کۆمەڵ لە مەریوان و کوژرانی کەسێک بە ناوی "پووریا چارەتەڵەب" لەگەڵ هەشت هاووڵاتیی دیکە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک هەشت کەسەکەی دیکە ئازاد کراون بەڵام لە پاش ٩ مانگ، ئارمان هەر وا دەسبەسەرە. ئارمان فەرەهمەند لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا 16 ساڵ و 5 مانگی تەمەن بووە. دوورینەوەی لێوەکانی ئەو مێرمنداڵە و دیار نەبوونی چارەنووسی بووەتە هۆی کێشەی دەروونیی زۆر سەخت بۆ ئارمان و بنەماڵەکەی.