کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کردنی دوو هاووڵاتی لە مەریوان و شنۆ

15:14 - 31 جۆزەردان 2721

دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە شارەکانی مەریوان و شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چالاکێکی مەدەنی و ئەندامی دامەزراوەی "خانەی مرۆڤ‌دۆستی"ی، مەریوان بە ناوی "سوڕەیا حەقدووست" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەبێ نیشان دانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کرا. ئەو هاونیشتمانییە دوای دەسبەسەرکردنی بۆ ناوەندیی چاکسازی و پەروەردەی سنە گوازراوەتەوە. دوای پێنج ڕۆژ لە گرتنی ئەو چالاکە مەدەنییە، لە چارەنووس و تۆمەتی وەپاڵ دراوی هیچ زانیارییەک لەبەر دەست دا نییە. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی، جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری شنۆ هاوولاتییەکی ئەو شارەیان بە ناوی "نەجیب دەریای" بەبێ بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە. جێی ئاماژەیە کە ناوبراو دوو حەتوو لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش لێپرسینەوە ئازاد کرابوو، تا ئێستا ڵە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو و هۆکاری دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.