کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کردنی سێ سەرباز لە بانە بەهۆی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردندا

15:18 - 1 پووشپەڕ 2721

لە بانە سێ سەرباز بەهۆی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری دەسبەسەر کران. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، سێ سەرباز کە لە پایگای هەنگەژاڵی بانە سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی خزمەتی زۆرەملیی سەربازی بوون، بە فەرمانی یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو پایگایە بە ناوی "کاشانی" خەڵکی ئەردەبێڵ بەشێوەی نایاسایی دەسبەسەر کران. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاشانی پێش لە هەڵبژاردنەکان بە سەربازەکانی ئەو پایەگایەی وتبوو کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان زۆرەملێیە و پێویستە هەمووتان دەنگ بە "ئیبراهیم ڕەئیسی" بدەن. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەو سێ سەربازە تەنیا بەهۆی ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەکانیان نەکردووە دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری بانە گوازراونەتەوە. کاشانی یەکێک لە فەرماندەکانی پایگای هەنگەژاڵی بانەیە کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کوشتاری کۆڵبەرانی سنووری بانە.