کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ مانگی بەهاردا ١٢٦ چالاکی سیاسیی کورد گیراون و ٢٨ کەسیان حوکم دراون

15:03 - 2 پووشپەڕ 2721

لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ١٢٦ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد گیراون. بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٢٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٢٨ کەس لەوان حوکمی 2 مانگ تا ٤٠ ساڵ (سەرجەم 246 ساڵ و ٨ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٤ بەندکراویش لە زیندانەکاندا بەهۆی ئەشکەنجە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەست‌داوە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ (زیندان سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.