کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش

14:21 - 18 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ـی گەلاوێژ، بەرانبەر بە ٧ـی ئاگۆستی ٢٠٢١ـی زایینی ئەندامێکی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی قادر ڕەسووڵیان لە شاری ڤییەنی پێتەختی ئوتریش لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد. نەمر قادر ڕەسووڵیان، ئەندامی ماندوویی نەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ـی گەلاوێژی ١٤٠٠ـی هەتاوی لە نەخۆشخانەیەکی شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی چارەسەر نەکراو گیانی لە دەست دا و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەو. ڕەوانشاد قادر ڕەسوڵیان هەر لە سەرتای خەباتی ئاشکرای حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، وەک لاوێکی تازەپێگەیشتوو و خوێندەوار تێکەڵ بە کۆڕی گەرمی خەباتکارانی نەتەوەکەی بوو و لە حیزبی دیمۆکراتدا چەکی بەرگری لە خاک و نیشتمانی کردە شان. کاک قادر لە دایکبووی ١٩٦٠ی زاینی لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی دەبێتە پێشمەرگە و لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان چالاکیی سیاسیی دەستپێدەکا. ساڵی ١٩٨١ لەگەل پۆلێک لە تێکۆشەرانی حیزب بۆ درێژەدانی خوێندەن دەنێردرێنە وڵاتی ئوتریش و دەتوانێ بڕوانامەی فەوقی لیسانس لە زانستە سیاسیەکاندا وەربگرێ. کاک قادر لە زۆربەی کۆنفرانەسەکاندا وەک ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان هەڵدەبژێردرێت و زۆر بە لێزانیەوە ئەرکە حیزبیەکانی بەجێ دەگەیەنێ و بۆ دوو دەورەش وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێت. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو ئەندام تێکۆشەرەی حیزب ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی و خزم و کەسی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکا.