کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و بانگکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە نەغەدە

05:42 - 20 گەلاوێژ 2721

پاش ناڕەزایەتییەکانی نەغەدە کوژرانی هاووڵاتییەک لەو شارەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێران کوژرا و هەروەها زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەمە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری نەغەدە لانیکەم ٣ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواستۆتەوە. تا ئێستا شووناسی دوو کەسیان بە ناوەکانی "یوونس قادری" و " هادی پەڕگوڵ" روون بۆتەوە و هەروەها زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگ کراون و لێپێچینەوەیان بەرانبەر کراوە. پاش کوژرانی فەردین ئیبراهیمی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتیی مەدەنیانەی هاووڵاتییانی کوردیان لە نەغەدە بە توندوتیژی وڵام دایەوە و تەقەیان لە خەڵک کرد کە بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی " محەممەد عەلیزادە" کوژرا و زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتییش بریندار بوون. شایانی باسە کە رۆژی دووشەممە و پاش سێ رۆژ لە ناڕەزایەتییەکان، کەشوهەوای شاری نەغەدە بە تەواوی ئەمنییەتییە و هێزە تایبەتییەکان لە شارەکانی "میاندواو و ورمێ"وە نێردراون بۆ نەغەدە و هێزە لیباس شەخسییەکان لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا بە شێوەی بەرچاو بوونیان هەیە. سەرەڕای ئەوەیکە ژمارەیەک لە دووکاندارانی کورد دووکانەکانیان کردۆتەوە بەڵام بەشێکی بەرچاو لە دووکانەکان داخراون.