کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مامۆستا و وەرزشوانێکی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد

01:31 - 20 خەرمانان 2721

مامۆستا خالەق قوبادی، کەسایەتیی نەتەوەیی و ڕاهێنەری وەرزشی لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ۱۹ی خەرمانانی ۱٤۰۰ی هەتاوی مامۆستا خالەق قوبادی، ڕاهێنەری وەرزشی و کەسایەتیی کوردپەروەر و خاوەن پلەی بەرزی نیشتمانی و نەتەوەیی بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد. مامۆستا خالەق قوبادی وەک وەرزشوانێکی نموونە و یاریزان و دواتر ڕاهێنەری تیمی هەڵبژادەی فووتباڵی شاری مەهاباد لە گەشەی ئەخلاق و ڕەوشت بەرزی لەنێو وەرشوانان و لاوانی شاری مەهاباد دا، ڕۆڵی بەرچاوی گێراوە و لەنێو کۆمەڵگادا هەردەم وەک دڵسۆزێکی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد، جێگای متمانەی لاوان، وەرزشوانان و ڕووناکبیرانی ئەو شارە بووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا خالەق قوبادی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان، وەرزشوانان و کۆڕوکۆمەڵە ڕووناکبیرییەکانی شاری مەهاباد و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.