کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گرانیی نرخی گۆشتی سوور بووە بە مەترسییەک بۆ سەر تەندروستیی خەڵکی ئێران

12:15 - 30 بانەمەڕ 2724

بە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی گۆشتی سوور لە ئێران، بەکارهێنانی ئەم خواردنە پێویستە لەلایەن چینی مامناوەند و کەم داهات و هەژاری کۆمەڵگاوە کەمی کردووەتەوە یان بە تەواوی لەنێو چووە.

ڕۆژنامەی "دنیای ئقتساد" لە چاپی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی خۆیدا پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە و بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتەی کارەسات بۆ سەر تەندروستیی خەڵک زانیوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئەم ڕۆژنامەیە، بەرپرسی ئەنجومەنی پیشەی گۆشت و خواردنە پڕۆتۆئینییەکان سەبارەت بە بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە نرخی گۆشتی سووری دەوڵەتی ڕانەگەیەندراوە، وتی: "هاوکات لەگەڵ هەڵاوسان نرخی گۆشتی سووریش بەردەوام بەرزتر بووەتەوە و بەم هۆیەوە ڕێژەی بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووەتەوە".

مەسعوود ڕەسووڵی زیادی کردووە کە ئەو نێونجەی لە جیهاندا بۆ ڕێژەی بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ساڵێکدا پەسەند دەکرێت، ٣٠ کیلۆ بۆ هەر کەسە بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ئێراندا ٥ کیلۆ لە ساڵێکدایە کە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەدخۆراکیی لە وڵاتدا.

هەروەها ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە نرخی هەر کیلۆ گۆشتی سوور لە ساڵی ١٤٠٢ تا ٦٣ لەسەد زیادی کردووە و نرخەکەی گەیشتووەتە ٦٠٠ هەزار تمەن و بەم هۆیەوە ڕێژەی بەکارهێنانی ساڵانەی ئەم خواردنە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرانیی گۆشتی سوور بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە کە ئاکامی سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان و ناوچەکەدایە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە سەر سفرەی خەڵکی ئێران، بەتایبەتی چینی هەژار و کەم داهات کاریگەریی هەبووە.