کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆککۆماری ئێران خوازیاری بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەلەیە

12:37 - 30 بانەمەڕ 2724

سەرۆککۆماری ئێران ڕێژەی لەباربردنی کۆرپەلەی بەرز و مەترسیدار زانی و داوای لە لایەنە پێوەندیدارەکان کردووە تاکوو بەرەوڕووی ئەم پرسە ببەنەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕێوڕەسمی "خەڵاتی میللی جەوانیی حەشیمەت" ڕایگەیاندووە، خەڵک دەبێت بزانن کە لەباربردنی کۆرپەلە لە ڕوانگەی شەرعەوە نایاساییەوە و کوشتنی مرۆڤە.

ڕەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە قەیرانی ئابووری و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری ڕایگەیاندووە کە لاوەکان دەبێت کولتووری قەناعەتکردنیان هەبێت.

سەرۆککۆماری ئێران لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە یەکێک لە موعجیزەکانی قورئان ئەوەیە کە هەر کەس هاوسەرگیری دەکات دۆخی ئابوورییەکەی لەوەی کە هەیە خراپتر نابێت.

ئەم قسانەی ڕەئیسی لەکاتێکدایە کە ڕێژەی ئاماری جیابوونەوە بە هۆی کێشەی ئابووری یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی تەڵاق لە ئێراندایە.

شایانی باسە کە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە و بە بیانووی جەوانیی حەشیمەت، جگە لە قەدەغەکردنی لەباربردن، ڕێگریی لە تەتەڵەکردنی کۆرپەلەکانیش کردووە.

تەتەڵەکردن بە ژمارەیەک پشکنین لە مانگە سەرتاییەکانی دووگیانی دەوترێت کە دۆخی تەندروستیی کۆرپەڵە نیشان ئەدات تاکوو لە ئەگەری تووشبوونی کۆرپەڵە بە کەموکوڕییە بۆماوەییەکان و نەشیاوە جەستەییەکان، کۆرپەکە لەبار ببرێت.

کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت لە ڕێگە نایاساییەکان و گوشارخستنەسەر ژنان ڕێژەی حەشیمەت بباتە سەرەوە کە ئاکامی ئەو قەیرانە ئابوورییانەیە کە خۆی بۆ خەڵکی ئێرانی دروست کردووە.

لەم پێوەندییەدا کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی زاوزێ لە یاسا تاوانکارەکان کەڵک وەردەگرێت و زۆربەی ژنان و کچان ناچار دەکات کە لە دووگیانییە نەخوازراوەکانیان، بەردەوام بن.