کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی چارەنووسی هاوولاتییەکیی کورد لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە

15:16 - 20 خەرمانان 2721

چالاکێکی خەڵکی سنە پاش سێ مانگ هێشتا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە. دوای سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی میکائیل مینبەری، چالاکی خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە، ناوبراو هێشتا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگیراوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ناوبراو لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لە هەبوونی مافی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. ڕاگرتنی نایاسایی میکائیل مینبەری لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە کاتێکدایە کە ناوبراو نەخۆشیی گورچیلەی هەیە و وێڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەو ناوەندە بەڵێنییان پێدابوو کە بیگوازنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، بەڵام هەتا ئێستا ئیزنیان نەداوە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەڕێ بکرێ. جێگەی ئاماژەیە کە کاتژمێر ٣:٣٠ دەقەی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ٣٠ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی میکائیل مینبەری و بە نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ‌ڕێزی بە بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و دەستیان بە سەر موبایل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی‌دا گرتووە.