کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی خێرایی هێڵی ئینتێرنیت لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات لە سێهەمین ڕۆژی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان

15:26 - 20 خەرمانان 2721

هاوکات لەگەڵ سێهەمین ڕۆژی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هێڵی تەلەفۆن و ئینتێرنێت لە هێندێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕاوە یان خێرایییەکەی کەم بووەتەوە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠، تۆپخانەکانی سپای پاسداران بۆ سێهەم ڕۆژ، دەستیان بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی برادۆست کردووە. هاوکات لەگەڵ هێرشی تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هێڵی تەلەفۆن و تەنانەت ئینتێرنێتی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سەقز، پاوە، مەریوان، بانە، پیرانشار و شنۆ و هەروەها ئینتێرنێتی ماڵان لە سەردەشت دابڕاوە یان خێراییەکەی دابەزیوە. هەروەها سپای پاسداران چەند گوردانێکی هێزی تایبەتی لەسەر سنووری شارەکانی شنۆ و پیرانشار بە تەواوی ئامێر و کەرەستەی شەڕ و چەکی قورس و نیوە قورس جێگیر کردووە کە پیشاندەری ئەگەری هێرش لە زەوییەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەی برادۆست لە هەرێمی کوردستانە.