کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوەی کۆمەڵێک زیندانی سیاسیی ڕزگاربوو بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی

15:29 - 20 خەرمانان 2721

کۆمەڵیک زیندانی سیاسیی ڕزگاربووی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نامەیەک دا ڕوو بە کۆروکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر دۆخی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە. دەقی نووسراوەکە بەم شێوەیە: ڕوونکردنەوەیەک لەسەر باروودۆخی زیندانەکانی ئێران هاووڵاتییانی بەڕێز! وەک ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا، چەندین فیلمی زۆر هەژێنەر لە گرتووخانەی ئەوینی تاران بڵاوکراوەتەوە، لەو فیلمانەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت که بەرێوەبەرانی گرتووخانەی ئەوین چۆن لەگەڵ دەستبەسەرکراوان هەڵسووکەوت دەکەن. دەزگای دادپەروەریی ڕژیمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی لە ڕاستییدا دڕێژکراوەی سیستمی سەرکوت و داپلۆسینە؛ دەزگای داد لە کۆماری ئیسلامییدا، نوێنەرایەتیی سەرکوتی سیستماتیک دەکات و گرتووخانەی کۆماری ئیسلامیش بە ئامانجی ئەوە بەکار دەهێندرێ که کەسایەتیی دەستبەسەرکراوەکان تێکبڕووخێندرێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕژیمەکانی پێشوش لە کوردستاندا بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانیان کە تواندنەوە و لەنێوبردنی نەتەوەی کورد بووە و هەیە، هەمیشە دەزگای داد و زیندانەکانیان وەک بەشێک لە پێکهاتەی سەرکوتی ڕێکخراو بەکار هێناوە. ئێمە زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان ڕایدەگەیەنین، ئەوەی لە فیلمەکانی زیندانی ئەوین دەیبینن، بەدەر لەوەی کێ و بەچ مەبەستێک بڵاویکردۆتەوە، بەشێکی بچووک لە سەرکوتێکی سیستماتیکی نێو بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەو پێوەندییەدا دۆخی سەرکوتی نێو زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە کەسانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز زۆر زیاتر و دڕندانەترە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە بەشێوەی تەکووز ئەشکەنجە و ئازار بەرانبەر بە زیندانیانی سیاسیی کوردستان بەکار بێنێت. ڕاستێکی حاشا هەڵنەگرە، کە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەندیخانە بۆ تێکشکاندنی کەسایەتیی مرۆڤەکان بەکاردەهێنرێ، هەربۆیەش لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا، ئەشکەنجە و ئازاری ڕێکخراو و بەردەوام هەیە و کەسی زیندانی لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا، ئازاری سیستماتیک دەبینێ. هەڵبەت جێگای شانازییە کە بڵێین بەرانبەر بە ئازاری سیستماتیکی نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، زیندانیانی سیاسیی کوردستان خۆراگری و بەرخۆدانی نێو زیندانیان وەک ئەرکێکی شۆرشگێری و درێژکراوەی سەنگەری خەبات لە ئەستۆگرتووە و بەردەوام هەوڵیان داوە پارێزەری ئەو ئامانجانە بن کە لە پێناویدا تووشی زیندان و ئەشکەنجە هاتوون. بەڕێگای ئەو نووسراوەدا وێڕای جەختی دووبارەمان لەسەر بوونی ئەشکەنجە و ئازار لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ دەکەین، تا دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە پێشێلکردنی ڕۆژانەی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا، دەرببڕن.