کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی زوڵفی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا

14:44 - 26 رەزبەر 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، عەلی زوڵفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا. عەلی زوڵفی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکرانی لاوانی کورد و لەگەڵ نزیکەی ٢٠ هاووڵاتیی دیکە لە بۆکان دەسبەسەر و پاش یەک مانگ دەسبەسەر کران، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا. دواجار عەلی زوڵفی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی قازی پەیمان ڕۆستەمی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت" سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.