کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی ژینگەپارێزی لە شاری سنە

13:11 - 7 سەرماوەز 2721

لە شاری "سنە" بە هاوکاریی سێ ڕێکخراوی مەدەنی، چالاکییەکی ژینگەپارێزی بەڕێوە چوو. ڕۆژی هەینی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرنامەیەکی هاوبەشی ژینگەیی لەلایەن "ئەنجومەنی جەمعییەتی کوردستانی سەوز"، "شنەی نەوژینی کوردستان" و "گرووپی شاخەوانیی فەرهەنگیی چلچەمە" لە شاری "سنە" بەڕێوە چوو. لەو چالاکییەدا جگە لە چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی ئەو شارە، منداڵانیش بەشدارییان کرد و سروودی تایبەت بە ژینگەپارێزییان وتەوە. ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو بەرنامەیە، چاندنی تۆوی "بادام، قەزوان و بەڕوو" و چەند جۆری دیکەی تۆوی خۆماڵی و چەقاندنی نەمام بوو. شایانی باسە کە پێش بەڕێوەچوونی ئەو چالاکییە ژینگەییە لەلایەن ئەو ئەنجومەنانەوە بانگەواز کرابوو کە گشت ژینگەپارێزان، شاخەوانان، چالاکانی مەدەنی و هەموو خەڵکی شاری "سنە" لەو چالاکییە ژینگەییەدا بەشداری بکەن.