کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوڵاڵە مورادی ٧ مانگە چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە

14:33 - 7 سەرماوەز 2721

پاش زیاتر لە ٧ مانگ لە دەسبەسەرکرانی "گوڵاڵە مورادی" خەڵکی پیرانشار، ناوبراو هێشتا دەسبەسەره و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، پاش زیاتر لە ٧ مانگ لە دەسبەسەرکرانی گوڵاڵە مورادی، ناوبراو هێشتا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە. گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر دان بەو شتانەی کە ئەوان دەیانهەوێت نەنێت، ئەوا دوو کوڕەکەی کە پێشتر لەگەڵ خۆی دەسبەسەر کرابوون، بەرەوڕووی سزای قورس دەبنەوە. گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ پاش کوژرانی "عوسمان حاجی حوسێنی" کادری سپای پاسداران لە پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوزرایەوە و پاش ٣٥ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵالە مورادی بە ناوەکانی "تاهیر بەزازی (زاوای عوسمان) و مەتین بەزازی" تەمەن ١٤ ساڵ هەر لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کرابوون، کە پاش ماوەیەک ئازاد کران.