کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بۆ قوتابییان و خوێندکارانی دەرچووی ئاستە جۆراوجۆرەکان لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات

19:26 - 7 سەرماوەز 2721

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمی قوتابییان و خوێندکارانی دەرچوو لە ئاستە جیاوازەکاندا بەڕێوە چوو. ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردەوە تایبەت بەو قوتابی و خوێندکارانەی کە دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و هەروەها خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بەڕێوە چوو. سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، دواتر لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو سۆما حەکیم زادە بە خێرهاتنی میوان کرا و ئامانج لە ڕێوڕەسمەکە باس کرا. دواتر پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لەلایەن بەڕێز سەرگوڵ شابازی سکرتێری ڕێکخراو پێشکەش کرا. لە سەرەتای پەیامەکەدا هاتبوو: ئەو کیژ و کوڕانەی کە ئەمڕۆ لێرەن و دەمانەوێ ڕێزیان لێ بگرین، بەشی زۆریان لەدایکبووی شۆڕشی کوردستانن و بە ماندووبوونی خۆیان و پاڵپشتیی بنەماڵەکانیان و حیزبی دێموکرات و زەحمەتی مامۆستاکانیان و هەروەها هەوڵ و هیمەتی خۆیان، توانیویانە بەشێک لە قۆناغەکانی خوێندن تێپەڕ بکەن. ئەوان سەرەڕای گەلێک بەربەست و مەحدودییەتی جۆراوجۆر، لەژێر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و سەختی و دژوارییەکانی خەبات‌دا، شان‌ بە شانی بنەماڵە پێشمەرگەکانیان توانیویانه ئەم سەرکەوتنانه وەدەست بێنن و ببنە مایەی شانازی بۆ بنەماڵە و حیزب و ڕێکخراوەکەمان. لە نێویاندا زۆرن ئەو خوێندکارە سەرکەوتوانەی کە دوای تەواو کردنی خوێندن ڕێچکە و ڕێبازی دایک و باوکی پێشمەرگەیان هەڵبژاردوە و لە ئۆرگانە جیاوازەکانی حیزب و ڕێکخراوەکان‌دا خەریکی خزمەت بە خاک و خەڵکی کوردستانن. لە بەشێکی تری پەیامەکەدا هاتووە: لە ئێستادا کە خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران بەهۆی سیاسەته هەڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆخێکی ناخۆش و پڕ لە دڵەڕاوکێ دان و تەنیا هیوایان به داهاتوویەکی باشتر، لابردنی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکراتیکە، خوێندکاران لە نێوخۆی وڵات زیاتر لە هەمیشە لەژێر فشار و سەرکوتکاریی دان. ئەوان کە لە زۆربەی بزووتنەوەکانی دژ به سەرەرۆیی و دیکتاتۆری‌دا ڕۆڵی کاتالیزۆر و پێشەنگایەتی دەگێڕن، لە ئاکامی گرینگی‌نەدانی ڕێژیم به زانین و زانکۆ و داهاتووی خوێندەواران لە لایەک و فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە لایەکی دیکەوە، بە تەواوەتی پشت گوێ و پەراوێز خراون. لە کۆتاییدا هاتووە: بۆ هەموو ئەو قوتابیانەی کە ئەمساڵ لە زانستگەکاندا وەرگیراون و، بۆ هەموو ئەو خوێندکارانەش کە له قۆناغی جۆراوجۆردا خەریکی درێژەدان بە خوێندنن، هیوای سەرکەوتنییان بۆ دەخوازین و ئاواتەخوازین وێڕای سەرکەوتنیان لە خوێندن، لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان غافڵ نەبن و لە نووسینی تێز و توێژینەوەکانیاندا به تایبەت لەسەر پرسە نەتەوەیی و تایبەتەکانی کوردستان زیاتر کار بکەن و هەوڵی زیندووهێشتنەوەی شوناسی نەتەوەیی و پارێزگاری لە نیشتمان بە ئەرکی سەر شانی خۆیان بزانن. کچان و کوڕانی خوێندکار دەبێ بزانن کە زانکۆ بۆ لاوانی کورد تەنیا شوێنی خوێندن نییه، بەڵکوو گۆڕەپانێکه بۆ دەنگ‌هەڵبڕین و بێدەنگ نەبوون بەرامبەر سەرەرۆیی و دیکتاتۆری. لە بەشکی تری ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامی دەفتەری سیاسی پێشکەش کرد؛ ناوبراو لە سەرەتادا وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابییان و بنەماڵەکانیان و کە هەر کامیان بە جۆریک قۆناغێکی خوێندنیان تێپەڕ کردووە و هەروەها لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا توانیویانە ببنە پاڵپشتی منداڵەکانیان بۆ خوێندن و هەروەها ماندووبوونی مامۆستایانی بەرز نرخاند .قوتابیان بۆ خۆیان زیاتر لە هەمووان زیاتر هەست بەوە دەکەن کە بنەماڵەکانیان لە چ هەلومەرجێک ژیاون، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر هێرشی کۆماری ئیسلامی دابوون، بەڵام توانیویانە هەست بەوە بکەن کە ڕێگەی فێربوونی زانستیان لەبەردەم دایە. لە بەشێکی تری قسەکانی دا: نەتەوەکەمان پێویستی بە جیلێکی نوێی خوێندەوار و پێگەیشتووە کە بتوانن لە ڕێگەی زانستیشەوە یارمەتیدەر بێ کە بتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین و نزیکمان بکاتەوە لە سەرکەوتن. قوتابیان هەست بەوە دەکەن کە ئەوان لە دوو سەنگەر دا خەبات دەکەن، سەنگەرێکیان ئەو ڕێبازەی کە خۆیان گرتوویانەتە پێشەوە و سەنگەری دابین کردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەتەوەکەمان بۆ پێگەیشتنی ئێوە. کەوا بوو ئەوەی کە ئێوە کردووتانە کە هیوادارین سەرەتایەک بێت بۆ درێژەدان بە خوێندنی زیاترو دڵخۆشکەرە بۆ بنەماڵەو حیزب و گەلەکەتان. کیژان و کوڕانی پێشمەرگە و لاوانی ناو شۆڕش ئاگادارن کە لەو شەرایەتە لە چ هەلومەرجێک ژیان دەبەینە سەر و ئێوە گەیشتوونەتە ئەو پلەیە بێگومان دڵخۆشکەرە بۆ نەتەوەکەتان و زیاتر ئومێدەواریان دەکات هیوادارین لە داهاتوو دا خزمەتی نەتەوەکەتانی پێ بکەن. خوێندن بەشێکە لە ژیانی لاوان وکارێکی ئاساییە بەڵام بێگومان لە شەرایەتی ژیانی ئێوەدا خوێندنیش بۆخۆی کارێکی تایبەت بووە، هەربۆیە بەڕاستی سەرکەوتنی ئێوە بۆ بڕینی ئەو قۆناغە لە خوێندندا کۆتایتان پێ هێناوە حەتمەن وەکو خێبەجێ کردنی ئەرکێک نەک ئەرکی شەخسی قوتابییەک بەڵکو وەکو ئەرکێک لە پێناو مەبەستێکی تایبەتی تردا دەبێ چاوی لی بکرێ. لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە قوتابییانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی و هەروەها خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ هەر دوو ساڵی خوێندنی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ و ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١.