کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی دەوا و دەرمان کێشەی بۆ خەڵکی شاری شنۆ دروست کردوە

15:19 - 8 سەرماوەز 2721

خەڵکی شاری شنۆ بەهۆی نەبوونی دەوا و دەرمان لە دەرمانخانەکان تووشی کێشە بوون و بۆ دابین کردنی هێندێک دەرمانی پێویسیت ناچارن سەردانی شارەکانی ورمێ و نەغەدە بکەن. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری شنۆ، سەرەرای ئەوەی کە لەو شارە پێنج دەواخانەی تایبەت و یەک دەواخانە دەولەتی هەیە، زۆربەی دەرمانە پێویستەکان دەست ناکەون و هاووڵاتییان ناچارن بۆ دابین کردنیان ڕوو لە شارەکانی نەغەدە و ورمێ بکەن و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدار و وەزارەتی تەندرووستیی، کە بازرگانی بەو دەرمانە پێویستانەوە دەکەن. لە لایەکی دیکەوە شاری شنۆ کە ڕێژەی حەشیمەتی ٨٠هەزار کەسە ، بە پێی یاسای سیستمی پزیشکی و پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەرکی دەوڵەتە کە بۆ هەموو بەشەکانی تەندروستی دوکتۆری پسپۆری بۆ دابین بکا و نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی بوایە، بەڵام پاش چل و سێ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران، شاری شنۆ خاوەنی دوکتۆری پسپۆر و نەخۆشخانەی گشتیی بۆ نەشتەرگەری نییە و هاووڵاتیانی شاری شنۆ دەبی سەردانی شارەکانی ورمێ و نەغەدە بکەن و کە هەر ساڵێک لە رێگای هاتووچۆی خەڵکی شنۆ بۆ ئەم شارانە تووشی مەترسی گیانی و ماڵی دەبنەوە.