کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی دوو لاوی کورد لە زۆرانبازییەکانی وڵاتی نۆروێژ

15:29 - 8 سەرماوەز 2721

دوو لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کێبڕکێی زۆرانبازییەکانی وڵاتی نۆروێژ، پلەکانی یەکەم و دووهەمیان بەدەست هێنا. ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کێبڕکێیەکانی زۆرانبازیی ئازاد لە وڵاتی نۆروێژ، بە بەشداریی دوو وەرزشوانی زۆرانباز و ناوبژیوانێکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوەندی وەرزشیی شاری "کۆلبۆتن"ی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو کە ئەو دوو وەرزشوانە کوردە سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. لەم پێوەندییەدا مەسعوود ناسری، بەرپرسی گشتیی ئەنجومەنی وەرزشکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات، ڕایگەیاندووە کە "عەلی ڕەحیمی"، وەرزشوانی خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە کێشی ٨٦ کیلۆ گرەم، لەو کێبڕکێیانەدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و خەڵاتی زێڕی بردەوە، هەروەها "سرووش ئەلقاسی"، خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کێشی ٩٧ کیلۆ گرەم لەو کێبڕکێیانەدا پلەی دووهەمی بەدەست هێنا و خەڵاتی زێوی بردەوە. شایانی باسە کە "ناسر فەتاحی"، ناوبژیوانی نێونەتەوەییی کێبڕکێیەکانی زۆرانبازی و کەسایەتیی ناسراوی کۆمەڵگای وەرزشیی کوردستان و وڵاتی نۆروێژ و خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو ناوبژیوانێکی شارەزا و لێهاتوو، لەو کێبڕکێیانەدا بەشدار بوو و نێوبژیوانیی کۆمەڵیک لە یارییەکانی کرد.