کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی لایەنگرێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سۆمای برادۆست

13:07 - 9 سەرماوەز 2721

هاووڵاتییەکی نیشتمانپەروەر و لایەنگرێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات و برای پێشمەرگەیەکی دێرین حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوی "سولحەدین جابری" لە ناوچەی سۆمای برادۆست ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۷ـی سەرماوەزی ۱٤۰۰ـی هەتاوی، لە ناوچەی سۆمای برادۆست سەر بە شاری ورمێ، کاک "سولحەدین جابری" کوڕی "محەممەد جابری" خەڵکی گوندی جووجە‌‌هی لە تەمەنی ۶۱ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد . سولحەدین جابری برای یەکێک لەپێشمەرگە قارەمانەکانی ڕۆژە سەختەکانی خەباتی رزگاری خوازی گەلەکەمان بە ناوی "مەحکووم جابری"یە کە ئیستا ئەندامی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵاتە؛ کاک سولحەدین کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی حیزب و گەل بوو و زۆر جار بە هانای کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەوە هاتووە. بنەماڵەی جابری وەک بنەماڵەیەکی حیزب‌دۆست و نیشتمانپەروەر بەردەوام لە خەمی رزگاریی خاک و میللەتەکەیاندا بوون و هاوکات کاک سولحەدین جێی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست بووە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک سولحەدین جابری و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی سۆمای برادۆست، خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.