کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە سایبێرییەکانی ڕێژیم لە کوردستان چڕتر بووەتەوە

14:56 - 9 سەرماوەز 2721

هێرشی هێزە سایبێرییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر حیزبەکان و چالاکانی کۆمەڵگای کوردستان چڕوپڕتر بووەتەوە. لە درێژەی هێرشی هێزە سایبێرییەکانی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر حیزبەکانی کوردستان و چالاکانی سیاسیی کورد، لەماوەی چەند ڕابردوودا بە بڕیاری "غوڵامڕەزا سولەیمانی"، سەرۆکی ڕێکخراوی دژی‌گەلیی بەسیج کە دامەزراندن و دەستبەکاربوونی هێزێکی توکمە و بەربڵاوی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندبوو، هێرشەکانی ئەو هێزانە بۆ سەر میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حیزبەسیاسییەکان و هەروەها چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان چڕوپڕتر بووەتەوە. لەماوەی سالانی ڕابردوودا هێز و گرووپ و تیمە سایبێرییەکانی ڕیژیم بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر ڕاگەیاندن و بەتایبەت ماڵپەڕ و لاپەڕەی حیزبەکانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵی هەککردن و دەستبەسەرداگرتن یان لانیکەم لەکارخستنیان داوە، کە لەلایەن تیمی ئای‌تیی حیزبەکانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و هێرشەکانیان سەرکەوتوو نەبووە. لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا بەپیی زانیارییەکان؛ هێزە سایبێرییەکانی ڕێژیم لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکییەکانیان زۆرتر بووە و بەتایبەت لە ڕێگای ڕۆباتگەلێکی تایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام هەوڵی هەککردنی تێلێگرامی چالاکانی کورد و بەتایبەت چالاکانی سیاسی و بەندکراوانی پێشووی بەندیخانەکانی ڕێژیم و بەگشتی ئەو کەسانە دەدەن کە خراونەتە ژێر چاوەدێرییەوە و بە مەبەستی دەست‌پێڕاگەیشتنیان بە زانیارییەکانی ئەو کەسانە، ئەو ڕۆباتانە بە ناوگەلێکی جۆراوجۆر و بەتایبەت بە ناوی کوردییەوە دەنێرنە نێو کۆڕ و گرووپ و کاناڵە تێلێگرامییەکانەوە. شایانی باسە کە ڕۆژی یەکشەممە،٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “غوڵامڕەزا سولەیمانی”، سەرۆکی ڕێکخراوی دژی‌گەلیی بەسیجی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە، لە سەرانسەری وڵاتی ئێراندا زیاتر لە ٣٥٠٠ گوردانی سایبێری بۆ پێکانی ئامانجەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دامەزراندووە و هەنووکەش لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو خەریکی چالاکین.