کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتگوێ‌خستنی بەشی دەرمانیی سەقز لە سێبەری ناکارامەیی بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی ڕێژیم

14:22 - 10 سەرماوەز 2721

گەندەڵی و ناکارامەیی بەرپرسانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنە لە بواری چاوەدێری تەندروستی لە سەقز، چەندین کێشە و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی شاری سەقز ٢٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و وەکوو ناوەندێک بۆ شارەکانی دەوروبەری وایە، ماوەی ساڵێکە نەخۆشخانەی "شەفا" کراوەتەوە بەڵام تا ئێستا ئامادە نەکراوە و بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانی لە نەخۆشخانەی گشتیی سەقزەوە بۆ گوازراوەتەوە و هەروەها هەڵەی زۆر لە دابەش‌کردنی ئەرک و بەشەکانی ئەو دوو نەخۆشخانەیە ڕووی ‌داوە. بە ڕای پسپۆڕانی کەرتی پزیشکی، پێویستە کە هەر دوو نەخۆشخانەکە بەشی نەشتەرگەریی گشتییان هەبێت، بەڵام بە پێداگریی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی پارێزگای سنە، ئەم بەشە لە نەخۆشخانەی کۆنی سەقز گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەفا؛ لەکاتێکدا نەخۆشخانەی شەفا تەنیا ٥ ژووری نەشتەرگەری هەیە و وڵامدەری پێداویستییەکانی شاری سەقز و شارەکانی دەوروبەری نییە. ٥شایانی باسە کە ساڵ پێش ئێستا گەڵاڵەی دامەزراندنی بەشی تایبەت بۆ تەندووستی و چارەسەریی نەخۆشی تایبەت بۆ ئەو شارە پەسەند کرا، بەڵام بەهۆی ناکارامەیی و گەندەڵی بەرپرسانی بەشی دەرمانیی، ئەم دەرفەتە لە کیس چوو و لە ئێستادا ئامێری وێنەگرتن لە گورچیلە و بەردشکێنی گورچیلە لەم شارەدا نەماوە و ماوەی ٢ ساڵە پسپۆری گورچیلە و پێستیشی لێ نییە و بەرپرسانی ڕێژیم بۆ داپۆشانی ئەو کەموکورتییانە کەڵک لە ئامێرە کۆنەکان وەردەگرن.