کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێواری هەڵدێر و بەرجامی بێ‌ئەنجام (قەیرانی مەشروعییەت)

21:37 - 16 پووشپەڕ 2722

کۆماری ئیسلامی سەردەمانێک دەستەواژەیەکی لێڵ و ناڕوون بوو بۆ ڕای گشتی، ئەوەندە ناڕۆن کە لایەنگرانی مارکسیزم-لینینیزم بە جووڵانەوەیەکی دژ بە ئیمپریالیزم ناویان دەبرد و نەتەوەخوازە ئایینییەکانیش بە ئارمانشار و مەدینەی فازیلە وێنایان دەکرد! بە تێپەڕبوونی کات و لەناوبردنی هەموو ئەم لایەنە هزری جیابیرانە و یەکدەست‌کردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵات، ''ویلایەتی فەقێهـ'' بوو بە مۆتەکەی خەڵکی ئێران.  ئیدی هەموان تێگەیشتن ''کۆماری ئیسلامی بێ‌ ئەملاوئەولا '' قەتڵگای هەموو بیرە ئازاد و دێموکراتەکانە. ئێستا ئیدی چیرۆکی دەرکەوتنی وێنەی ئیمام لە مانگدا بۆ گاڵتەجاڕییش بەکەڵک نایەت. ئەگەر سەردەمانێک دروشمی ''بمرێ کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی'' تایبەت بە خەڵکی کوردستان بوو، هەنووکە تەنانەت لە هاواری ژنە چارشێوییەکانی باشووری تارانیشدا هەر ئەم درووشمە دەبیسترێت. بەڵام ئەو قەیرانی ڕەواییە چۆن ڕووی دا؟ کۆماری ئیسلامی لە دەسپێکدا بە ڕەخنەگرتن لە دێموکراسییە گەل‌میرییەکەی ڕۆژاوا هاتە مەیدان و لە هەوڵی ئەوەدا بوو بە پێداهاتنەوەی هەندێ لە کارەساتەکانی دوای گەورەترین شۆڕشەکانی جیهان بەتایبەت شۆڕشەکانی فەرانسە و ڕووسیە، مزگێنی شتێکی بێ‌جێگرەوە بدات بە خەڵکی ئێران: حکوومەتێکی دێموکرات لەسەر ئەساسی ئایدولۆژییای ئیلاهی! لە ڕاستیدا تیۆریسیێنەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بەر ڕەخنەگرتن لە بیروبۆچوونی فەیلەسووفانی سەردەمی ڕۆشنگەری، کەسانێک وەکوو دیکارت و کانت، عەقڵی خۆبنیاتنەری بەشەریان لە کاروباری خەڵکیدا بە ناکارامە دەزانی و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو لە هەڵسوکەوتێکی جیاوازترەوە لە نێوان حکوومەت و خەڵکەوە قسە بکەن. پێوەندییەک هەم لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی خەڵک بێت و هەمیش لکابێتە بینایی چاوانەوە! حکوومەتێک کە بڕیار وابوو هەم دین بدات و هەم دونیاش، ئەوەندەی پێ نەچوو هەم دینی بۆ دواوە پاڵ‌ پێوەنا و هەم دونیای خەڵکی بەرەو ماڵوێرانی برد. سەردەمی ڕێبەرایەتیی خامنەیی وەکوو کاتالیزورێک خێراییەکی بەرچاوی بەخشییە قەیرانی مەشرووعییەتی کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئیدی ڕێبەرایەتیی ڕێژێم بۆ بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی ئەم سیستمە یەکدەست و یەکڕەنگەش جێگای متمانە و شیاوی باوەڕ نەبوو. حوجەتولئیسلامێک کە لەپڕڕا بوو بە ئایەتوڵڵا، ئەگەرچی بەهۆی لەنێوبردنی کەسایەتییە دژیار و بەڕواڵەت دژبەرەکانی خۆی سەرکەوتوو بوو لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتدا، بەڵام ئەگەر تۆزیک وەج و ڕێزی هەبوو لەنێو یارانی دێرینی کۆماری ئێسلامیدا ئەوەشی لەدەست چوو. سەرکوتی خوێناویی و دڕندانەی بزاوتە جەماوەرییەکان و کوشتن و دەستبەسەرکردنی دژبەران و تۆمارکردنی دەیان و سەدان پەروەندەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی نوێی کۆماری ئیسلامیدا نێوەڕۆک و جەوهەری ئەو ڕژێمەی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد. بەپێی پێناسەی کلاسیکی سرشتی دەوڵەت، ئەرکی ڕاستەقینە و بنەڕەتی ئەم دامەزراوە وەدیهێنانی دیسیپلین و جێگیرکردنی ئاسایش، دەستەبەرکردنی خاوەندارێتی، دابینکردنی ئاسوودەیی و پێشکەش‌کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە. کەمتەرخەمیی نواندنی دەوڵەت لە هەرکام لەم بەشانەدا دەتوانێ دەرخەری ناکارامەبوونی بێت. ئەم پێناسەیە لە ڕێژێمە ئیدۆلۆگەکاندا سەرەڕای ئەرکە جەوهەرییەکانی خۆیان لە داڕشتنی شێوازی ژیان، ئاراستەکردنی بیروڕای گشتی، ڕێنواندن بۆ هەست و ئاوات و کوڵ‌وکۆی عاتیفی خەڵک، ڕوونکردنەوە و هەندێ جار داسەپاندنی نۆرم و بەها ئیدۆلۆژیکەکان، دووقات و دووتوێیە، بەو مانا کە لاوازبوونی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی ئەرکە ڕاسپێردراوەکانی خۆی لە لایک و نەگەیشتن بە ئاواتە ئیدۆلۆژیک و ئارمانییەکانی لەلەیەکی دیکەوە ئەم شێوە دەسەڵاتدارییە زۆرتر داوێتە قەیرانی ناکارامەبوونیەوە. بەپێی ''تیۆریی ترمیدور یان ڕەفتاری بازنەیی سەرهەڵدانەکان''ی کرین برینتون، کۆماری ئیسلامی لە پاش ماوەیەکی کورت لە دەسەڵاتدارێتی میانەڕۆکان (بزاوتی میللی مەزهەبییەکان) بە لەنێوبردن و دوورخستنەوەی گرووپە یاریدەدەرەکانی لە شوڕشی ٥٧ و یەکدەست‌کردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵات چووە فازی دەسەڵاتێکی ڕادیکاڵەوە. ئەم شێوە دەسەڵاتدارییە لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی خامنەییدا بە خێراییەکی زۆرترەوە هاتە پێش و کار گەیشتە وەلانانی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییە شوێندانەرەکانی ڕێژێم، ئەوانەی بە ڕێفورمخواز دەناسران و تەنانەت هەندێ لەوانەی ڕەپاڵی بزاوتی بنەماخوازەکان درابوون، بۆ وێنە لە وەلانانی هاشمی ڕەفسەنجانی، خاتەمی، مووسەوی و کەڕووبییەوە بگرە تا  لاریجانییەکان هەر درێژەی پرۆسەی کامڵ‌کردنی ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵەیە. ئێستا کۆماری ئیسلامی بەرەو دوا قۆناغ هەنگاو دەنێ، قۆناغی کۆتایی ڕادیکالیزم و تێپەڕین لە دۆخی ورووژان و هاوکات گەڕانەوەی مەنتیق و بەها ڕاستییەکان و کۆتایی هاتنی کۆماری ئیسلامی. قەیرانی مەشرووعییەت گرێدراوی گۆڕانی ڕێسا و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانە و لە پێشدا دەبێتە هۆی قەیرانی شوناس و دوایە پێکهاتەی دەسەڵات دەگرێتە ئامانج. قەیرانی شوناس یان هۆوییەت لە فاکتەرە کاریگەرەکانی گۆڕانی بەرەیە لە پێکهاتەی جەماوەری وڵاتدا کە "هێربێرت مور" پێی دەڵێ هەڵمساویی لاوێتی. ڕاستییەکەی ئەوەیە لاوان، باوەڕە زەینی و هزرییەکانی کۆمەڵگە بۆ کێشەوبەرە بانگهێشت دەکەن و سەقامگیربوونی سیاسی کۆمەڵگا دەکێشنە چاڵشەوە. ''هێنری ئورداڵ'' لەسەر ئەو باوەڕیە، یەک لە سەدی هەڵمساوی لاوێتی دەتوانێ پێنج لەسەدی شەڕوهەرا سیاسییەکانی کۆمەڵگە زیادتر بکات. دوکتور حوسەین بەشیرییە مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سیراکیوزی نیویورکی ئامریکا لەبارەی لەنێوچوونی مەشروعییەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئاماژە بەو چوار ئوستوورە (کۆڵەکە) دەکا کە ڕێژێم بە بەڵێنی وەدیهێنانیان شۆڕشی ٥٧ی زەوت کرد و باس لە چۆنیەتیی ڕووخانی ئەو ئوستوورەیانە و بێ‌بایەخ بوونیان لەلای خەڵک دەکات. یەکەمین کۆڵەکە ''دادپەروەریی ئیسلامی''یە و لە سەردەمی گشتگیربوونی سەرمایەداری، بە ڕوانگەی نادەوڵەتی‌کردن و هەموارکردنێکی پێکهاتەیی لە ساڵەکانی دەیەی حەفتا و درێژەدانی تا ئێستا و کاولکردنی بەشی گشتیی ئابووری وڵات و دواتر لابردنی یارانەکان و پەرەسەندنی هەڵاوسان و گرانیی لەڕادەبەدەر و تاقەت‌پڕووکێن بۆ خەڵک بەگشتی و بڵاوبوونەوەی بێکاری و دەیان و سەدان دیاردەی پێوەندیدار، ئیدی بە یەکجاری کاڵ بۆوە و چیدی کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە. دووهەمین ئوستوورەی دەستکردی شۆڕش و سیستەمی سیاسیی ئێران، کۆلەکەی ''ئەخلاق‌تەوەرکردنی سیاسەت'' لە ڕێگەی تێکەڵکردنی دین و سیاسەت بوو. ئەم دیرۆکە لاوازتر لەوە بوو ماوەیەکی درێژ دەوامی هەبێت. برەوپێدان بە کولتووری دووڕوویی و ڕیاکاری و ڕواڵەتبازی و وشکەسۆفیەتی، شات‌وشووت و تۆبەدادان... هەر لە سەرەتاوە لێک‌بڵاو بۆوە و توندوتیژییە دەست‌نەترسانەکان و سەرکوتی خۆپێشاندەران و ناڕازییەکان و زیندانی‌کردن و غەدر و دەستدرێژی‌ و پێ‌درکاندنەکان و هتد... ئەم ئوستوورەی ئەخلاق‌تەوەرکردنی سیاسەت لە ڕێگەی تێکەڵکردنی دین و دەوڵەتی- ئەگەر شتێکی پێوە مابوو- لە بنەوە هەڵتەکاند. سێهەمین ئوستوورەی بنەڕەتیی شۆڕش و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ''خەبات لەدژی ئیمپریالیزم'' بوو، ئەوەش ئەگەرچی لە دەسپێکدا هەراوهوریایەکی زۆری نایەوە، بەڵام بە پەرەسەندنی پێوەندییە ئاشکرا و نهێنییەکان و هاوکارییە نەشاراوەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، خێرا لەبەریەک هەڵوەشایەوە و ئەم خەباتە لە بەرهەڵست‌بوونەوەی تیۆریکی لە هەمبەر " ئیمپریالیزمی ئامریکا" دابەزییە سەر هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشە بێ‌نرخەکانی هەردوولا. چوارەمین ئوستوورەی گرنگی شۆڕش و ڕێژێم، دروشمی ''جمهوورییەت یان دژەپاشایەتی بوون'' بوو. ئەم کۆڵەکەیەش هەم لە ڕوانگەی تیۆری و هەم لە کردەوەدا هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی تیۆریی "ویلایەتی موتڵەقە" و سێنتراڵیزە‌کردنی دەسەڵاتی دوەڵەتی و بەرتەسک کردنەوەی بیروڕا و بڕیاری خەڵک و بەستنەوەی بە دەسەڵاتی گرووپێکی چووکە و نەبوونی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادپەروەری و چاوەدێریی بەرژەوەندخوازانەی شوڕای نیگابان  بە سەر هەڵبژاردنەکان و نابەرپرسایەتیی وەلی فەقێهەوە، هەمیسان هەڵوەشایەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی بدرێتەوە: دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێهـ چاک ئاگاداری دۆخە نالەبارەکەی خۆیە و دەنگی پشووسواریی خۆی باشتر لە پێش دێتە گوێی. بۆیە هەم لە خولی یەکەمی دانیشتنەکانی بەرجام بە نەرمی‌نواندنە قارەمانانەکەی! و هەم لە ئێستای دۆخی بەرجامدا، تەنیا ئامانجی ویلایەتی فەقێهـ لە دانوستانەکان، مانەوەیە لە دەسەڵاتدا بۆ ماوەیەکی هەرچەند کورتی دیکەش بووبێت. ئەمەش لە ڕێگەی هێنانەوەی بەشێک لە پارە و سامانە ڕاگیراو و بلۆکەکراوەکەی بۆوەی نەختێ هەناسەپێدان بە جەستەی دەردەداری ئابووریی وڵات و قایل‌کردنی بەشێک لە خەڵکی ژێر گوشار بۆ ماوەیەکی هەرچەند کورتیش بێت. بەو جیاوازییە کە بڕیارەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی جگە لە باسی کرانەوەیەکی کورتخایەن لە بارودۆخی ئابوووری وڵاتدا، باسی نزیکبوونەوەیە لە دەسەڵاتی ڕۆژاواییەکانە. سەرنجدان بە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران و ڕەتکردنەوەی شیاویی تاقمێکی بەرچاو لە کەسایەتییە نزیکەکانی جاران تەنانەت نیزیک لە خودی وەلی فەقێه ئاماژە بە لێکدانەوەیەکی مەیدانی لە لایەن ڕێبەرییەوە لە بارودۆخی کۆمەڵگە و گۆرانکارییەک بوو لە تاکتیکدا. لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی قۆناغەکانی پێشوو کە ڕێژێم جارجارێک بە یارمەتیی روخسارە بەڕواڵەت دژبەرەکانی ڕێبەری بۆ وێنە ڕێفۆرمخوازەکان و خۆنواندنیان لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا، لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورتیش بووبێت بەشێکی بەرچاو لە جەماوەری ناڕازی لە سیاسەتەکانی ڕێژێمی بە قەناعەت دەگەیاند، بەڵام لە خولی ئەم دواییەی هەڵبژاردنەکاندا بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە کە ئیدی هیچکام لە پاڵێوراوەکان ناتوانن سەرنجی خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاکێشن؛ بەڕاشکاوی یاسینی مەرگی دێموکراسیی لەسەر دەستی هێزە ئەمەگدارەکانی ڕێژێم خوێند. هەنووکە ویلایەتی فەقێهـ سەرقاڵی خۆڕاهێنانە لە سەر سیستەمی وڵایەتی میراتی و لابردنی هەڵبژاردنەکان تەنانەت وێڕای هێزەکانی نێوخۆی ڕێژێم. پێشنیارە چەندپاتەیەکانی خامنەیی لەسەر گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بە سیستەمی پارلەمانی لە درێژەی ئەم سیاسەتەوە دێت. پارلەمانێک بریتی لە زمانلووسان و خوڵامانی دەرچوو لە فیلتەری شوڕای نیگابانی دیاریکراوی ڕێبەر بە کەمترین دەسەڵاتەوە کە وەکوو سەرۆک کۆمار توانای دەعیەی تاج و تەختی نابێت. ئەزموونی تاڵی لاساری و جووتەوەشێنیی هەندێ لە سەرۆک‌کۆمارانی پێشوو لەدژی بەرپرسی گەورە و هێژای ویلایەت! هەرچەند کورتخایەنیش بووبێت دڵە ناسکەکەی ئاغایان شکاند! ئێستاش کاتی گۆڕان و تێپەڕینە، ئیدی هیچ هیوایەک بە هاوڕایی خەڵک نییە و هیچ کەسایەتییەکی نێو ڕێژێمیش ناتوانێت سەرنجی خەڵک ڕاکێشێت، ئیدی هیچ کەسایەتییەک و هیچ ڕەفتار و کردەوەیەکی ڕێژێم بایەخێکی ئەوتۆی نییە لەلای خەڵک. ئێستاکە تەنیا هیوا و ئامانجی ڕژێم سەرنج‌ڕاکێشانی دەسەڵاتی وڵاتانی بێگانەیە و تەواو. بۆ وێنە بەستنی گرێبەستی درێژماوە لەگەڵ وڵاتانی چین و وینزووێلا و بوون بە بەشێک لە هێزی پیادەی ڕووسیە دەتوانێ لەپێناو ئەم هیوا و ئاواتانە هەڵسەنگانی بۆ بکڕیت: ویلایەتی میراتی ناهومێد لە پشتیوانی خەڵک و پشت‌ئەستوور بە دەسەڵاتی دەرەوە. ڕەنگە ئەم گۆڕانی تاکتیکە بۆ ماوەیەکی کورت، ساڕێژێک بێت بۆ برینە کولاوەکەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەم برینە کارییە و چڵکی کردوە و تەشەنەی کردۆتە هەرهەموو جەستەی لەڕ و لاوازی نیزامەوە. بەڵێ کۆماری ئیسلامی مەحکوومە بە ڕۆیشتن، ئێستا و تاوێتر هەر دەبێ بڕوات.