کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزراگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەن لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب‌ لە باشووری کوردستان

16:55 - 22 پووشپەڕ 2722

لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی – تەشکیلاتیی ئەندامانی حیزب لە ناوچەکانی کۆیە، بتوێن و پشدەر لە باشووری کوردستان، یادی ٣٣ ساڵەی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایەوە. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٣٣هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب و هاوڕێیانی‌، بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی حیزب، دانیشتوو لە ناوچەکانی کۆیە، بتوێن و پشدەر، کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبرد. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی‌پێکرد، سمایل شەرەفی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب، باسێکی لە سەر کەسایەتیی شەهید دوکتور قاسملوو و ڕۆڵی لە شەخسییەت‌بەخشین بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانی‌دا بە گەڕانەوە بۆ دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دواتر کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی و، هەروەها کاریگەرییەکانی کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و بەرز نرخاندنی ڕۆڵیان لە بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی نوێ و مودێڕنی نەتەوایەتی‌دا بۆ نەتەوەی کورد، ئاماژەی بە کاریگەرییە فیکری و کردەیی‌یەکانی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە سەر بیچمگرتنی شوناس و شەخسییەت لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات‌دا کرد. سمایل شەرەفی لەم پێوەندییەدا بە ئاماژە بە بیر و بۆچوون و داهێنانە فکری و سیاسی‌یەکانی شەهید دوکتور قاسملوو لە سێ بەستێنی سیاسی، پێشمەرگانە و دیپلۆماسی‌دا، باسی لەو خەسڵەتە تایبەتییانە کرد کە شوناسێکی نەتەوەیی نوێ و مودێرنیان بە ئەقڵییەتی سیاسیی بزووتنەوەی کورد، ڕەفتاری دەروەست و بەرپرسانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پەیام و هاواری گەلێکی مافخواز بە ڕووی کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بەخشی. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب‌دا، سمایل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان‌ و ئەرکی ئەندامانی حیزب لەم قۆناغە تایبەتەدا قسەی بۆ بەشداربوان کرد و لە دوایین بەشی کۆبوونەوەکەدا وڵامی پرسیار و تێبینی‌یەکانی دایەوە.