کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەوبایدن: ئاخرین ڕێگەچارە هێرشی سەربازییە بۆ سەر ئێران

16:12 - 23 پووشپەڕ 2722

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە سەفەرەکەیدا بۆ ئیسرائیل، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر هێشتنەوەی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆردا وتی: ئاخرین ڕێگەچارە هێرشی سەربازییە بۆ سەر ئێران. جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە سەفەرەکەیدا بۆ ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئیسحاق هێرزوگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئەمنییەتی ئیسرائیل وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانیدا واژۆ نەکا، ئاخرین ڕێگەچارەمان بۆ پێشگرتن لەو ڕێژیمە هێرشی سەربازییە. لە لایەکی دیکەوە سەرۆککۆماری ئیسرائیل وتی: سەفەری سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پێوەندیی نێوان دوو وڵات لەهەمبەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران، زۆر بەهێزە. هەروەها یائێر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانهەوێ هاوپەیمانییەکی بەهێزی جیهانی بەدژی ڕێژیمی ئێران پێک بێنن.