کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەهەمبەر دەسبەسەکرانی باندێکی تێرۆریستی لە پارێزگای ورمێ

16:22 - 23 پووشپەڕ 2722

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە پارێزگای ورمێ، ١٠ کەسمان بەتۆمەتی پێکهێنانی باندی بە وتەی ئەوان تێرۆریستی، کە دەیانوویست هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ناوکییەکان و لەوێ تەقینەوە بکەن دەسبەسەر کردووە. وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهاوکاری قەرارگای سپای حەمزە، ١٠ کەسمان لە پارێزگای ورمێ کە بە پێکهێنانی باندێکی بە وتەی ئەوان تێرۆریستی و هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکان و جومگە ئابوورییەکانی ئێران تۆمەتبارن دەسبەسەر کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێ کە، ئەو کەسانە جیاییخوازن و حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی ئێرانیی لە عێراق، ئاسانکارییان بۆ هاتنی ئەوان لە سنوورەکانەوە کردووە. لەلایەکی دیکەوە چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن: لە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەوە بەیاننامەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی ١٠ کەسی چەکدار پشتڕاست نەکراوەتەوەو ئەوە تەنیا درۆ و چەواشەکاریی ئیتلاعاتی ڕێژیمە. جێگەی ئاماژەیە کە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، پێشتریش بەدەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و کەسانی بێ‌تاوان، ڕایگەیاندبوو کە ئەو کەسانە چەکداربوون و ویستوویانە هێرشی چەکداری بکەنەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.