کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نارەزایەتیی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی قوربانیانی خەزەڵوەر

16:36 - 23 پووشپەڕ 2722

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی پی‌ئێس‌ـ ٧٥٢ لە بەیاننامەیەکدا دەسبەسەرکردن و سەرکوتی بنەماڵەی قوربانیانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییان مەحکوم کرد. ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکومکردنی دەسبەسەر و سەرکوتکردنی بنەماڵەی قوربانیانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە لەگەڵ ئەوەیکە ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە لە جێی خۆیدایە ئەوەشیان زیاد کرد، ڕێژیمێک کە دەستی بەخوێنی شارۆمەندانی بێ‌تاوان سوورە، بەجێی وڵامدانەوە و سزای بکوژان کە لە دەست و پێوەندییەکانی خۆیانن، بنەماڵەی قوربانیان ڕاپێچی بەندیخانە و گرتنگەکان دەکەن. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی هیچ سنووریکی بۆ کوشتن و سەرکوتکردن دانەناوە و گوێ بە قسەی حەق و بیروڕای گشتی نادا و هەر کاتێک بە بۆی بگونجێ دەست دەکا بە کوشتن و سەرکوتکردنی خەڵکەکەی. ئەو ئەنجومەنە وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان لە بنەماڵەی دەسبەسەر کراون و دایکانی خەزەڵوەر، خوازیاری پشتیوانیکردنی هەموو شارۆمەندان و خەڵکی ئێران بوون لەو بنەماڵەگەلە و لەو ناداپەرەوەریانەی کۆماری ئیسلامی پشتی ئەو بنەماڵانە بگرن. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جارێکی دیکە خوازیاری گەڕاندنەوەی پەروەندەی قوربانیانی فڕۆکەی پی‌ئێس‌ــ ٧٥٢ بۆ ناوەندە نێونەتەوەییەکان بوون کە بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیم کەوتە خوارەوە و بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەسی بێ تاوان، و وتیان کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە زمانی گوشاری نێونەتەوەیی هیچ زمانێکی دیکە نازانێ.