کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بۆ بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات

17:27 - 23 پووشپەڕ 2722

بەبۆنەی ٣٣مین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ١٣ی جوولای ٢٠٢٢ وێبینارێکی بۆ بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌ هێنا. لەم وێبینارەدا بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەند لایەنی جۆراوجۆرە تیشکی خستە سەر پرسی تیرۆری کردنی دوکتور قاسملوو و هاڕێیانی لە لایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. بەڕێز عومەر باڵەکی لەسەرەتای باسەکەیدا، بە ئاوڕدانەوە لە ڕووداوەکانی پێش تێرۆری دوکتور قاسملوو و کۆتایی هاتنی شەڕی ئێڕان و عێراق، باسی لە چۆنیەتی چوونی دوکتور قاسملوو بۆ سەر مێزی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و هەوڵەکانی دوکتور قاسملوو بۆ چارەسەر پرسی کورد لە رێگای وتووێژەوە کرد. عومەر باڵەکی لە درێژەی باسەکەیدا، وێڕای باس کردنی چۆنیەتی کارەساتی تیرۆری دوکتور قاسملوو و رادەستکردنەوەی تێرۆریستەکان لە لایەن دەوڵەتی ئۆتریشەوە بە کۆماری ئیسلامی، وتی: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێیان وابوو بە تێرۆری رێبەرێکی وەک دوکتور قاسملوو، حیزبی دێموکرات یان لەناو دەچێ و یان ئەوەندە لاواز دەبێ کە بۆ ئەوان نابێ بە مەترسی، بەڵام رەوتی رووداوەکان ئەوەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران سەلماند کە حیزبی دێموکرات بە لە دەستدانی رێبەران و سەرکردەکانی بە چۆک‌دا نایە. کاک عومەر باڵەکی لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا پەرژایە سەر سیاسەتی شەڕەئەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها باسی ئەوەی کرد لە لەماوەی ١٨ ساڵدا (لەساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی تا ساڵی ١٤٠٠) نزیکەی ٦٩ کەس لە هاووڵاتیانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی ئورووپایی، ئوسترالیا، ئەمریکا و کەنەدا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بەرامبەر جێبەجێ کردنی ویست و داخوازییە ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامی‌‌دا، بە بارمتە گیراون. بەڕێز باڵەکی لە کۆتایی باسەکەیدا بە ئاماژە بەوەی کە پێویستە لە کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو ئەزموون وەربگرین، جەختی لەسەر پێویستی وەرگڕخستنەوەی پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کردەوە. ئەم وێبینارە کە بەشێوەی راستەوخۆ لەرێگای پەیجی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکرایەوە، کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە کاتی ئورووپا دەستی پێکرد و نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند.