کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ ٣٣مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئۆسترالیا لە گەڵ خاتوو لاریسا واترز سناتۆر لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا و خاتوو کەتینکا بەرپرسی دەفتەری سناتۆر واترز کۆبوونەوە.

17:33 - 23 پووشپەڕ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی چۆارشەممە ١٣/٧/٢٠٢٢ ھاوکات لە گەڵ سی و سێھەمین ساڵۆگەڕی تیرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی ھەیئەتێکی کومیتەی ئوسترالیای حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە ھاوڕێیان سەلاح پورئەسەد و کامران سوھرابی لە شاری بریزبن لەگەڵ خاتوو لاریسا واترز سناتۆر لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا و خاتوو کەتینکا بەرپرسی دەفتەری سناتۆر واترز کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەکەدا هەیئەتی حیزب باسی ئەوەیان کرد کە ٣٣ ساڵ پێش ئێستا لە ١٣ی جولای دوکتور قاسملوو بە دەستی ڕێژیمی ئێران تێرور کرا لە حالێکدا دەیویست ڕێگایەکی ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد ببینێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستاش بکوژەکان بە ئازادی دەسوڕێنەوە، بۆیە داویان لە سناتۆر واترز کرد کە بەپێی تۆانا ھەوڵ بۆ وەگەڕخستنەوە کەیسی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بدات. سناتۆر لاریسا واترز لەگەڵ بەداخبوون بۆ ڕووداوی شەھید کرانی د. قاسملوو، بەڵینی‌دا کە لە ڕێگای دۆستەکانی و پارێزەرەکانیەوە لەو بارەیەوە بەدواداچوون بکات و لە گەڵ وەزیری دەرەوەش ڕاوێژ بکات. ناوبراو هەروەها بەڵێنیی‌دا کە داوا لە حکومەتی ئوسترالیا دەکات ھاوکار بێ بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێ لە دادگایەکی نێودەوڵەتیی‌دا بکوژان و بڕیاردەرانی تیرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی دادگایی بکرێن. لە درێژەی کۆبوبوونەوەکەدا هەیئەتی حیزب باسیان لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد کرد و لەو بارەوە کۆمەڵێک زانیارییان بۆ سناتۆر واترز خستەڕوو و باسی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی مامۆستایان، خانەنشینان، کرێکاران و خەڵکی ئێران کرد دژی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد. لەم پێوەندییەش‌دا، سناتۆر واترز بەڵێنیی‌دا کە داوا لە حکومەتی ئوسترالیا بکات پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد و خەڵکی ئێران بکات. پێویستە بوترێ کە چەندین بەڵگە و دیکۆمێنت لەسەر سیاسەتی سەرکوت، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و بە تایبەت کارنامەی جنایەتەکانی ڕێژیم لە نێوان ساڵەکانی٢٠١٦ تا ٢٠٢١ پێشکەش بە سناتۆر لاریسا واترز کرد.