کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی بەخاک‌سپاردن و پرسەی "مامۆستا کەریم ئەحمەد"

00:55 - 25 پووشپەڕ 2722

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ناشتن و بەخاک‌سپاردنی مامۆستا کەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعیی کوردستاندا بەشداریی کرد. دوانیوەڕۆی ڕۆژی، پێنج‌شەممە، ٢٣ی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب بەشداریی لە ڕێورەسمی بە‌خاک‌سپاردنی مامۆستا کەریم ئەحممەددا کرد. مامۆستا کەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعیی کوردستان بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج‌شەممە پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد. لە ڕێوڕەسمی بەخاک‌سپاردنی مامۆستا کەریم ئەحمەددا پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن کاک حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسییەوە پێشکێش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا. کاک حەسەن قادرزادە بە ئاماژە بە کەسایەتیی بەرزی مامۆستا کەریم ئەحمەد و ڕۆڵی بەرچاو و ئەرێنیی لە هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان تیشکی خستە سەر پێوەندیی بەهێزی حیزبی شیوعی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەت لە ڕۆژە هەرە سەختەکانی خەباتی کورددا کە ئەو پێوەندییە گەرموگوڕ و نەتەوەیی و نیشتمانییە لەسەر دەستی کەسانێکی وەک مامۆستا کەریم ئەحمەد و ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات بنیات نرابوو. لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٤ی پووشپەڕ و لە ڕێوڕەسمی پرسەی نەمر کەریم ئەحمەددا شاندێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سیاسەتمەداری کورد و کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی بەشدار بوون و لە نیزیکەوە پەیامی هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی ڕاگەیاند.