کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندیشکەدەی ئوسترالیایی: ڕێژیمی ئێران لەسەر ڕەوانەکردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە دەبێ سزا بدرێ.

14:52 - 25 پووشپەڕ 2722

ئەنجومەنی ئوسترالیا و ئیسرائیل لە بابەتێکدا بەئاماژە بە قسەکانی جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، سەبارەت بەوەیکە ڕێژیمی ئێران فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بەمەبەستی هێرش بۆ سەر ئۆکراین ڕەوانەی ڕووسیە دەکا، داوای سزای توندیان بۆ ڕێژیمی ئێران کرد. ئەنجومەنی ئوسترالیا و ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە بابەتێکدا سەرەڕای ئەوەیکە داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە، سزای توندی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر ڕەوانەکردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ ڕووسیە بدەن نووسیوویانە: ڕێژیمی ئێران ئۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ بەرهەمهێنانی لانیکەم سێ بۆمبی ناوکیی لەبەردەستدایە و لەهەمان کاتدا زۆر بەخێرایی پەرە بە بەرنامەی مووشەکی بالستیک دەدا. لەبەشێکی دیکە لەو بابەتەدا هاتووە کە، ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵێک دەدا کە پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەکییەکەی بەشێوەی هاوکات بباتە پێشەوە تا بتوانێ لەئەگەری پێویستی، خێرا کڵاوەی ناوکیی سواری مووشەک بکا و بەوجۆرە بیهەوێ باج لە وڵاتانی زلهێزی جیهانیی وەربگرێ. پێویستە بگوترێ کە، ڕووسیە بەهۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانەوە لەژێر گوشارێکی زۆردایە و زۆربەی مووشەکە کۆگا کراوەکانی لەشەڕ بەدژی ئۆکراین بەکارهێناوە و لە ئێستادا دەیهەوێ دەستی بە مووشەکی بالستیک و کرۆز و پێداویستییە سەرەکییەکانی مووشەکی ئێرانی ڕابگا.