کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر سزای مێژوویی حەمید نووری

14:54 - 25 پووشپەڕ 2722

ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند کە هەموو وڵاتانی جیهان دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە بنەماکانی دەسەڵاتی جیهانی، سکاڵا لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆمار بکەن. جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەربارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای پشوازیی لە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری، یەکێک لەو کەسانەی کە لە "هەیئەتی مەرگ"دا لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی دەورونەخشی بەرچاوی لە ئیعدام کردنی بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسیی هەبووە لەلایەن دادگای سوئیدەوە وتی: ئەو سزایە مێژوویە و هەموو وڵاتانی جیهان دەتوانن دژ بە پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە ئێران سکاڵا بەدژی رێژیمی ئێران تۆمار بکەن. دادگای سوئید بە پشتبەستن بە" بنەمای دەسەڵاتی قەزایی جیهانیی" حەمید نووری پاش ٩٠ دانیشتن دادگایی کردن، بەتۆمەتی جینایەتی شەڕ و کوشتنی بە ئەنقەست بە تاوانبار زانی و سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەر ناوبراودا سەپاند. جێگەی ئاماژەیە کە بنەمای دەسەڵاتی جیهانیی سوئید ئەو ئیزنە بە دادگاکانی ئەو وڵاتە دەدا کە کەسێک بە تۆمەت‌گەلێک وەکوو کوشتنی بە ئەنقەست و جینایەتی شەڕ دادگای بکا و سزای بەسەردا بسەپێنێ. جاوید ڕەحمان لەدرێژەدا بەئاماژە بەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام پێشیلکارییە مرۆییەکان لە ئێران ڕەت دەکەنەوە، سەرەڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لەهەمبەر دیاریکردنی ئەو سزایە بۆ حەمید نووری وتی: هیوادارم ئەوە ببێتە یەکەمین هەنگاو بۆ دابینکردنی دادپەروەری و سزادانی ئەو کەسانەی کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.