کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل، هێرش وعەمەلیاتەکانی هێزەکانی ئیسرائیلی لە نێوخۆی ئێران پشتڕاست کردەوە

15:01 - 25 پووشپەڕ 2722

ئەیال هۆلاتا، بەرپرسی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەڵێ: سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا لەکاتی وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی رێککەوتنی ناوکیی، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هێرشەکانی لە تاران جێبەجێ کردووە. ئەیال هۆلاتا، بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتوویژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: لە کاتی وتووێژەکاندا ئەمریکا گوشاری خستۆتەسەر ئیسرائیل کە هیچ جۆرە هێرشیک بۆ سەر ئێران نەکەن تا کاتی ڕێککەوتن، بەڵام ئێمە هێرشەکانمان لەنێوخۆی ئێراندا بەدژی دامەزراوە ناوکییەکان و جومگە ئابوورییەکانی ئێران بەردەوام بووە. جێگەی ئاماژەیە کە، ئەوە یەکەمین جارە بەرپرسێکی ئیسرائیلی پلە بەرز دان بە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکان و دامەزراوە ناوکییەکانی ئێراندا دەنێ. ناوبراو لەدرێژەدا سەرەڕای وتنی ئەوەیکە ئەمریکا بەردەوام پشتیوانیی لە هێرشەکانمان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئیسرائیل زۆر گوێ بە ئەمریکا نادا و هەرکات بە پێویستی بزانێ و بەرژەوەندییەکانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بکەوێتە مەترسییەوە، ئەو بە بێ ڕاوستان هێرش دەکاتە سەر ئێران.