کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باسکردن لە دوایین پێشهاتە سیاسیی‌یەکانی ئێران و کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب لە شاری هەولێر

16:59 - 25 پووشپەڕ 2722

  لە درێژەی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەندامانی حیزب لە باشووری کوردستان، پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکە و داهاتووی پرسی کورد لە ئێران و بابەتی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان خرایە بەر باس. کۆمیتەی گشتیی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب لە باشووری کوردستان لە درێژەی کۆبوونەوەکانی خۆی‌دا بۆ ئەندامانی حیزب لە هەرێمی کوردستان، پاشنیوڕۆی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی بەرینی بۆ ئەندامانی حیزب لە پارێزگای هەولێر بەڕێوە برد. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد، بەڕێز کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی سیاسی – تەشکیلاتی پێشکەش کرد. بەڕێز کەریمی لە سەرەتای قسەکانی‌دا بە بۆنەی یادی ٣٣ ساڵەی تێرۆری ڕێبەری لێوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە کورتی باسێکی لە کەسایەتیی شەهید دوکتور قاسملوو و ڕۆڵیان لە حیزبی دێموکرات کرد. لە درێژەی قسەکانی‌دا کاک کەماڵ کەریمی لە سۆنگەی ڕوانینەکانی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئاوڕدانەوە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، باسی لە وڵامدەرنەبوونی ئەم ڕێژیمە و سیاسەتی سەرکوتی بەرانبەر بە خەڵکی مافخوازی ئێران و هەوەها پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە کرد. بەڕێزیان لەم پێوەندییەدا بە ئاوڕدانەوە لە ماهییەت و نێوەڕۆکی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هەروەها ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی کە لەم دواییانەدا لە ناوچەکەدا هاتوونە ئاراوە، داهاتووی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێرانی بەرانبەر بە نیزامی سەرەڕۆ سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی، گەش و دڵخواز وێنا کرد. لە بەشیکی قسەکانی دا بەڕێز کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب سەرنجی خستە سەر داهاتووی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هێنانە بەر باسی داهاتووی ئێران و ڕوانگەی لایەنە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی ئێران نیسبەت بە داهاتووی ئەم وڵاتە و جۆری دەسەڵات لە تاران، باسی لەو هەنگاوە پێشوەخت و گرینگانە کرد کە کورد و هێزە سیاسییەکانی پێویستە کاری لە سەر بکەن. لەم پێوەندییەدا کاک کەماڵ کەریمی بە ڕوونی باسی لە ئەرک و ڕەساڵەتی مێژوویی و هەنووکەیی حیزبی دێموکرات کرد کە خەڵک زۆرترین چاوەڕوانی لێی هەیە و بێ‌گومان لە داهاتووش‌دا پێویستە ڕۆڵی سەرەکی لە ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکان‌دا بگێڕێ و وەک هەمیشە ببێتە جێی هیوا و هومێدی خەڵکی کوردستان. بۆیە بەڕێزیان لەم پێوەندییەدا دەستەبەرکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بە هەنگاوی سەرەکیی خۆ ئامادەکردن بەرانبەر بە هەر ئەگەر و پێشهاتێکی سیاسی زانی. هەر لەم پێوەندییەدا و لە درێژەی قسەکانی‌دا بەڕێز کەماڵ کەریمی، بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، وێڕای بە زەرووری زانینی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان پێشکەش بە ئەندامانی حیزب لە کۆبوونەوەکەدا کرد. لە دوایین بەشی کۆبوونەکەدا کاک کەماڵ کەریمی وڵامی پرسیار و تێبینیی بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دایەوە.