کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە داوای ئازادکرانی سێ فیلمسازە ڕەخنەگرە ئێرانییەکان دەکا

15:00 - 26 پووشپەڕ 2722

لە ئاخرین کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژاوایی بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی داوای لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران کردووە کە بە خێراترین کات ئەو سێ فیلمسازە ڕەخنەگرە ئازاد بکا. وەزارەتی دەروەی فەرانسە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی محەممەد ڕەسووڵ‌ۆف، مستەفا ئال‌ئەحمەد و جەعفەر پەناهی، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆی لەهەمبەر دەسبەسەرکرانەکان لە ئێران نووسیویە کە فەرانسە لە دەسبەسەرکرانی هاوڵاتییانی ئێرانیی کە لەنێوخۆی ئێران داکۆکی لە ئازادیی ڕادەربڕین دەکەن زۆر نیگەرانە. وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە بەئاماژە بە بارودۆخی خراپی هونەرمەندان لە ئێران، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە تاران کردووە کە پێبەندبن بە بەڵێنە نێونەتەوەییەکانیان لەهەمبەر ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی بەرهەمهێنان. جێگەی ئاماژەیە کە، ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی ڕەسووڵ‌ۆف و ئال ئەحمەد دوو فیلمسازیی ئێرانی بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم و دەستێوەردان لە ئەمنییەتی دەروونی کۆمەڵگە لە کاتی ڕووخانی مێترۆپۆلی ئابادان بە تۆمەتبار ناساندووە.