کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاوڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە تاران

15:03 - 26 پووشپەڕ 2722

هاوڵاتییەکی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری تاران دەسبەسەر و تا ئێستا لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاوڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی حەسەن عەلینژاد، ناسراو بە کەیوان، کوڕی محەممەد، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە تاران دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە و تا ئێستا لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە، تا ئێستا لە ڕەشبگیرییەکدا، دەیان کەس لەشارەکانی شنۆ،پیرانشار، سەقز، بۆکان و مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە دۆخی تەندروستی یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکان بە ناوی "هێمن مام‌قادری" کە لە کاتی دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە تەقەی لێکراوە ناجێگیرە و پێویستیی بە نەشتەگەریی خێرا هەیە. جێی ئاماژەیە کە شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بە دەیان کەس لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوازراون و لە چارەنووسی بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.