کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خستنە بەر باسی ئێرانی داهاتوو و پرسی یەکگرتوویی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب‌دا

16:19 - 27 پووشپەڕ 2722

لە درێژەی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ بۆ ئەندامانی سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ دەیان تێکۆشەری دیکە لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەدا کە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان و کورتە باسێکی کاک حەسەن خۆشکەلام، بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب دەستی‌پێکرد، باسێکی سیاسی تەشکیلاتی لە لایەن سمایل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب پێشکەش کرا. ناوبراو لە سەرەتای باسەکەی‌دا بە ئاوڕدانەوە لە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێڕان و دۆخی قەیراناویی ڕێژیم، تەوەری سەرەکیی باسەکەی بۆ قسەکردن لە سەر ئێرانی داهاتوو تەرخان کرد. هەر لەم پێوەندییەدا بەڕێز شەرەفی وێڕای ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی ئێران، باسی لە سەفبەندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕوانینیان بۆ جۆری نیزامی سیاسی لە ئێرانی داهاتوودا کرد. بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی باسەکەی‌دا بە سەرنجدان بە پێداویستییەکانی قۆناغی تێپەڕین لە نیزامی کۆماری ئیسلامی و ڕوانین بۆ ئێرانی داهاتوو و دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و هەروەها نەقش و دەوری کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی، پرسی هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی لە سێ بەستێنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان خستە بەر باس. بەڕێز سمایل شەرەفی لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌دا کە تایبەت بوو بە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ڕوو بە ئەندامانی حیزب لە کۆبوونەوەکە، باسی لە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی یەکگرتنەوە و نێوەرۆکی گەڵاڵەی ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو حیزبی دێموکرات و هەروەها ئەرک و وەزیفەی ئەندامانی حیزب لە داهاتوودا کرد. لە دوایین بەشی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز شەرەفی وڵامی تێبینی و پرسیاری ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی دایەوە.