کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە ناوچەی ورمێ کۆچی دوایی کرد

19:17 - 1 خەرمانان 2722

میرزا "محەممەد کۆسە" باوکی شەهید "ئەحمەد کۆسە" خەڵکی گوندی "سەیدان" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد. میرزا محەممەد لە ماوەی ژیانی خۆیدا کەسێکی دڵسۆز و حیزبدۆست بووە و یەکێک لە ئاواتەکانی سەرکەوتنی کورد و ڕزگاریی خاکی کوردستان بووە. ناوبراو کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و منداڵەکانی لەسەر بیری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بار ‌هێناوە. یەکێک لە کوڕەکانی ناوبراو بە ناوی "ئەحمەد کۆسە" لە ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکراتدا گیانی فیدای ئازادیی گەلی کورد کردووە. شەهید "ئەحمەد کۆسە" یەکێک لە پێشمەرگە قارەمان و فیداکارەکانی هێزی "سەروان حاتەم" بووە. ناوبراو پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و ماندوونەناس بووە و لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیی خۆیدا گەلێک قارەمانەتیی لەخۆی نیشان داوە. بەداخەوە ڕێکەوتی ٣٠ـی بەفرانباری ١٣٦٣ـی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانە لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە گوندی "ئەورسە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ وێڕای "شەوێش ناتق" پێشمەرگەی قارەمانی هێزی سەرگورد عەباسی گیانیان لە ڕێگای ئازادی و دێموکراسی دانا و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانی حیزب و گەلەوە. تەرمی میرزا محەممەد لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە لە گوندی سەیدان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بە گشتی خەڵکی ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.